بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێندراوەکەدا، هاتووە: یەبەشە لە یەکەم ڕۆژی دروست بوونییەوە لە دژی چەتەکانی داعش شەڕی کردووە و سەدان شەهیدی داوە، بەو هەنگاوانەی کە دژی چەتەکانی داعش گرتوویەتییەبەر، سەلماندوویەتی کە تاکە هێزی پاراستنی کۆمەڵگای ئێزدییە.
یەپەژە، ئاماژەی بەوەش کردووە: هێزەکانی ئێمە ناوچەکانی ژێرچنگی چەتەکانی داعشیان ڕزگار کردووە و ڕەنجێکی زۆری داوە لە پێناو جێگیرکردنی ئارامیی ناوچە مەدەنینشینەکان، بێ ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ هێزێکی سیاسیی، بووەتە یەکێک لەو هێزانەی کە ڕەنگی جیاوازی نەتەوەکانی لەخۆ گرتووە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: یەبەشە هەر لە سەرەتای دروست بوونییەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگای ئێزدی، لە گفتوگۆدا بووە لەگەڵ عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، چەندنین دیدارمان لە چوارچێوەی پاراستنی سنوورەکانی خاکی عێراق لەگەڵ هێزە عێراقییەکان ئەنجام داوە، لە چوارچێوەی دیدارەکانیشدا پاراستنی سنوورەکانی عێراق-ڕۆژئاوا ڕادەستی عێراق کراوەتەوە.
یەبەشە، دەڵێت: هەتا ئێستا ئەو ڕەنجەی کە داومانە بەزایە نەچووە، بەپێچەوانەوە بەهێزێکی زیاترەوە پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، سوپاسگوزاری خۆشمان ئاراستەی گەلەکەمان، هێزە دیموکراسیی و ئازادیخوازەکان دەکەین، کە لەم قۆناغەدا پشتگیرییان کردووین، تێکۆشانمان هەتا سەرکەوتن بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە، ئاماژە بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک کراوە بۆ سەر شەنگال و هاتووە: هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک ڕێ لە بەردەم هەوڵەکانی فاشیزمێکی نوێ دەکاتەوە و بۆ گەلانی ناوچەکە، بە واتای فەرمانێکی نوێ دێت، ئێمە ئەو لێدوانانەی کە هیچ پەیوەندییێکیان بە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراق-ەوە نییە قبووڵ ناکەین، پێویستە هەموو جیهان و ڕایگشتیی لەبارەی تورکیاوە دەنگ بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕووداوی هاوشێوەی پێشوو لە شەنگال دووبارە نەبێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment