پێکدادان لە نێوان هێزە عێراقییەکان و داعش لە دەوروبەری خورماتوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شەڕی نێوان هێزە عێراقییەکان و داعش لە دەوروبەری خورماتوو دەستی پێکردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 31-3-2018، حەشدی شەعبی و هێزە هاوبەشەكانی دیکەی عێراق لە رۆژئاوای شارۆچكەی ئامرلی و ناوچەی غەڕە لە باشووری خورماتوو، ئۆپەراسیۆنێکیان دژی ئەو چەکدارانەی داعش دەستپێکرد.

عەلی هاشمی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بە تۆڕی میدیایی ڕووداو-ی راگەیاند: "لەكاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا خۆكوژێكی داعش لە ناوچەی غەڕە خۆی بە حەشدی شەعبی و سوپادا تەقاندەوە، لە ئەنجامدا 3 چەكداری حەشد كوژران و 11 چەکدار و سەربازی دیكەی عێراقی بریندار بوون".

گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە خورماتوو راشیگەیاند: "ناوچەكە بەرفراوانە و داعش خۆی رێكخستووەتەوە، دەبێ لەناو ببرێن بۆئەوەی ئارامی ناوچەكە نەشێوێنن".

هەروەها لەبارەی جێگیر کردنی هێزێکی سەرایا سەلام لە خورماتوو عەمید یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، روونکردنەوەی داو و رایگەیاند: هەواڵی جێگیر کردنی هێزەکانی سەرایەی سەلام لە خورماتوو راست نییە، ئەو هێزانەی لە شارەکە جێگیرکراون چەند یەکەیێکی بەرپەرچدانەوەی خێران.

حاکم زاملی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کە ئەمڕۆ سەردانی خورماتووی کرد، دەڵێت: "پشتوانی لە کاری هاوبەش دەکەین لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام دەبێت لەژێر فەرماندەیی هێزی ئیتیحادی بن و مووچە لە بەغدا وەربگرن، نەک سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 12944

Your Comment

You are replying to: .
captcha