بەپێی هەواڵی کوردپرێس هیزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی "هەندێک ڕاپۆرتی سەبارەت بە بوونی پەکەکەمان لە شنگال بینیوە و تێدەگەین کە تورکیا لەو بارەیەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە."
ناوبراو ڕاشیگەیاند "شنگال و ئەمریکا چاوەڕێی ئەوە دەکەن هەر ئۆپراسیۆنێک کە تورکیا لە عێراق ئەنجامی بدات دەبێت بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق بێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تورکیا بچێت بۆ شنگال پێویستە لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا هەماهەنگی بکات.
ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لە زاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە بڵاوی کردەوە، ئۆپراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر شنگال دەستپێکردووە.
ئەگەرچی ئێزدییەکانی ناوچەی شنگال و دەوروبەری لە وێرانکاری و جینۆساید کردنیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕزگاریان بووە، بەڵام ئێستا جارێکی تر دۆخیان ئاڵۆزبووتەوە و لەبەردەم هەڕەشەکانی سوپای تورکیادان کە دەیەوێت بە پاساوى ڕاوەدونانی گەریلاکانی پەکەکە هێرش بکاتە سەر ناوچەکە.
دەزگاى هەواڵگرىی جیپۆلەتیکى ئەمریکى ناسراو بە ستراتفۆر لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوە کردووە، تورکیا پێداگری دەکات لەسەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانی لە باکووری عێراق بۆ لەناوبردنی بنکەو بارەگاکانی پەکەکە، پێشبینیشیی کردووە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە بکەن بۆ هێرش کردنە سەر پەکەکە تا ڕێگە لە تورکیا بگیرێت چالاکی سەربازیی دیکە لە ناوچەی تردا ئەنجام بدات.
Your Comment