بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناتالی لوازو وەزیری کاروباری ئەورووپیی فەرەنسا لە وەڵامی پرسیارێکدا لە پەرلەمانی فەرەنسا لە بارەی هەڵویستی ئەو وڵاتە هەمبەر کوردەکانی سووریا وتی: هەڵویستی فەرەنسا لەو بارەیەوە زۆر ڕوونە، نیگەرانیی تورکیا بۆ ئاسایشی سنوورەکانی ئاساییە بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت پاساوی مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا بێت.
بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆک کۆماریی فەرانسا، لوازو زیادی کرد: گرژییەکان لە سووریا درێژەی هەیە. سوپای تورکیا لە 18ی مارچ عەفرینی داگیر کرد. ئەردۆغان جەختی کردەوە کە هەوڵە سەربازییەکانیان لە سووریا درێژەی هەیە و ئەوەش هۆی نیگەرانییە. ئێمە نیگەرانیی خۆمان زۆر ڕوون و ئاشکرا دەربڕیوە و بەرپرسانی تورکیامان ئاگادار کردووەتەوە.
ناوبراو وتیشی: نیگەرانیی ئێمە لە دۆخی مرۆییە بە ئاوڕدانەوە لە ئاوار بوونی 100000 کەس لە عەفرین. بڕیارنامەی ئاگربڕ لە سووریا بەردەوام پێشێل دەکرێت، نیگەرانیی ئێمە یاساییە. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئێستاش بەردەوامن.
ناتالی لوازو جەختی کردەوە فەرەنسا ئاگای لە ڕۆڵی کورد لە شەڕی داعشدا هەیە، یەکەمایەتیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت شەڕی داعش بێت.
ئەو بەرپرسە باڵای فەرەنسا ئاماژەی دا بە گفتوگۆی نێوان سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەگەڵ ئەردۆغان لە 24ی مارچ و وتی: بە گوێی تورکیادا هێناومانە، یەکەمایەتیی دەبێت شەڕی داعش بێت و تورکیا دەبێت یارمەتی گەیاندن بە ئاوارەکان ئاسان بکاتەوە.
ناتالی لوازو وتیشی ئێمە پێویستمان بە کوردە بۆ شەڕی داعش. تەنها ڕێگاچارەیێک کاریگەرە بۆ ئاسایشی سووریا کە کوردەکان تێیدا بەشدار ببن.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment