بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم کەهیە رێکخەرى پێشوى پەیوەندییەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە کەرکووک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند: "نوێنەرى پێشمەرگە و هێزەکانى هاوپەیمانان لە کەرکووک لە چەند رۆژى رابردوودا کۆ بوونەتەوە، ئامانج لە کۆبونەوەکە گەڕانەوەى پێشمەرگەیە بۆ کەرکووک و خورماتو و خانەقین".
بەپێى وتەى نازم کەهیە، هێزەکانى عێراق رازى بوون بەوەى لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە کوردییەکاندا بازگەى هاوبەشیان هەبێت، بەڵام پێشمەرگە داواى دەسەڵات و گەرانەوەى بۆ هەموو ناوچەکە کردووە.
هاتنە خەتى هێزەکانى هاوپەیمانان بۆ رێکخستنى پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان، لە کاتێکدایە داعش جم و جۆڵێکى فراوانى لە ناوچە کێشەلەسەرەکان هەیە، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراقیش، مەترسى داڕووخانى سوپاى عێراقى خستۆتە ڕوو.
عەمید روکن هەورامان محەمەد جێگرى فەرماندەى هێزەکانى پشتیوانىی دووى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوە کرد داعش بەتەواوەتى بەهێز بۆتەوە و مەترسى ڕوودانى موفاجەئەى گەورە لە لایەن ئەو رێکخراوەوە لە ئارادایە.
ناوبراو وتى: "پێشمەرگە و هاوپەیمانان کۆ بوونەتەوە بۆ گەرانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و بەرگرتن بەمەترسیەکانى داعش، بەڵام سوپاى عێراق هەرجارە و قسەیێک دەکات".
هەورامان محەمەد وتیشى هاوپەیمانان پێیان وایە پێشمەرگە و سوپاى عێراق تواناى سرینەوەى یەکتریان نییە، بێ هەماهەنگى نێوانیان دۆخى کەرکووک سەقامگیر نابێت.
جم و جۆڵە فراوانەکانى داعش و مەترسى بەرپرسانى عێراق لە جارێکى تر داڕووخانى سیستەمى سەربازى لەسەر دەستى ئەو رێکخراوە، لە کاتێکدایە ئەمرۆ سێشەمە حکوومەتى عێراق هێزێکى تایبەتى لە بەغداوە بەرەو کەرکووک جووڵە پێکردووە.
کەمال کەرکووکى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکووکى پێشمەرگە، ڕەخنەى لە هێزە عێراقیەکان گرت بەوەى سیستەمى بەرگرى پێشمەرگەیان بەهاوکارى "خیانەت" کاران تێکداوە.
کەرکووکى وتیشی تا دۆخى کەرکووک تەواو هاوشێوەى پێش 16ى ئۆکتۆبەر ئاسایى نەکرێتەوە، ئێمە ناگەرێینەوە."
زیندوو بوونەوەى داعش و جم و جۆڵە فراوانەکانى ئەو رێکخراوە گەیشتۆتە ئاستێک، کە بە شەوان هێرش دەکەنە سەر ناوچە جیاجیاکانى پارێزگاکانى کەرکووک و دیالە و کار بۆ تێکدانى دۆخى ئەمنى نێو شارەکانیش دەکەن.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment