جەخت لە سەر هاوکاریی دوولایەنە بۆ بەرپەرچدانەوەی PKK کرایەوە

بەشی تورکیا- سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند بە سەرۆک وەزیرانی تورکیای گوتووە، "بەغدا رەزامەندیی لەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازی نەداوە. دەشڵێت، هاوتا تورکییەکەی گوتوویەتی "تورکیا بەبێ رەزامەندیی بەغدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لە خاکی عێراقدا ئەنجام نادات".

کوردپرێس- لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا لە بەغدا، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی دووشەممەی لەگەڵ بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا کرد.

عەبادی گوتی " سەرۆک وەزیرانی تورکیا دووپاتی کردەوە کە رێز لە سەروەری و سنووری عێراق دەگرێت. هیچ ئۆپەراسیۆنێک لە دەرەوەی سەروەری عێراق ئەنجامنادەن. هیچ رەزامەندییێکی حکوومەتی عێراقیش لەبارەی ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازی بوونی نییە. هەروەها باسی لەوە کرد رەنگە لە راگەیاندنەوەکانەوە قسەکانیان بە هەڵە باس کرابێت و گوتی، بەبێ رەزامەندیی حکوومەتی عێراق هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجام نادەین".

حەیدەر عەبادی گوتیشی "ئێوە دەزانن تورکیا کێشەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان هەیە و ئۆپەراسیۆن لەنێو خاکەکەی ئەنجام دەدات. لەو چوارچێوەیەدا عێراق پەیوەستە بە دەستوورەکەیەوە، کە رێگە بەهیچ دەسەڵات و بەرپرسێکی عێراقی نادات، خاکی عێراقی لە دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنرێت. لێرەوە دووپات لەسەر دەستووری عێراقی دەکەمەوە، رێگە نادەین لە خاکی عێراقەوە هیچ کارێک لە دژی وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدرێت و رێگە بەوە نادەین".

رۆژی دووشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان عێراق هێزی رەوانەی شنگال کردووە چاوەڕێ دەکەن عێراق ئۆپەراسیۆنێکی "سەرکەوتوو لە دژی پەکەکە لە شنگال ئەنجام بدات، ئەگەر نا، وڵاتەکەی هێرش دەکات".

لەبارەی بوونی گرووپی چەکداری لەنێو عێراقدا، عەبادی گوتی "لەو پرسەدا ئێمە ئامادەین هاوکاری لەگەڵ هەموو وڵاتێک بکەین، بەڵام لە چوارچێوەی ئەجێندا و بەرژەوەندیی عێراق و ئامادە نین شەڕی بە وەکالەت بکەین، هەروەک رژێمی پێشووی بەعسی، عێراقی وێران کرد.

سەرچاوە: ڕووداو

News Code 12889

Your Comment

You are replying to: .
captcha