بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئورهان میرئۆغڵو نوێنەری ماردین لە پشکی پارتی داد و گەشە کە بە ڕەگەز کوردە لە بەرنامەیێکی تەلەڤزیۆنی CNN Turkدا سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و پارتی دیموکراتیکی گەلان پرسیاری لێکرا.
ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێشکەشکاری بەرنامەکەدا کە "ئایا باشتر نەبوو بەڕێز دەمیرتاش و دیکەی پەڕلەمانتارانی بەند کراوی هەدەپە بە ئازادی لێپێچینەوەیان لێبکرێت؟" وتی: هەموو شتێک باجێکی تایبەت و دیاریکراوی هەیە. ئەگەر کەسێک بیهەوێت پشتیگریی گرووپێک بکات کە بڕوای بە شەڕی چەکدارانەی دژ بە وڵاتێک هەیە چ بە ئاشکرا و چ بە شاردراوە، ئەوا سیستەمی یاساییی ئەو وڵاتە بەرپەرچی دەداتەوە.
ناوبراو درێژەی پێدا: بەڕێز دەمیرتاش لە دوایین بەرگرینامەی خۆیدا خاڵێکی گرینگی باس کرد و وتی چ بە چەک و چ بە بێ چەک نابێت هیچ دامەزراوەیێکی کوردی دژ بە تورکیا چالاکی بکات. ڕاستە پارتی دیموکراتیکی گەلان ئێستا باج دەدات بەڵام باجی سیستەمی یاسایی و دادوەری نادات بەڵکوو باجی ئەو سێبەرەی pkk دەدات کە باڵی بە سەر حیزبەکەدا کێشاوە. ئەگەر بمانەوێت باسی بەخشین و پێداگری لە سەر عەفوو کردن بکەین دەبێت نیازپاکی ببینرێت. ئەگەر هێشتاکە پارتی دیموکراتیکی گەلان ئێستاش بۆ سیاسەت کردن گۆشەی نیگای لە PKK و قەندیل بێت ئەوا ناتوانین باسی لێبوردن و بەخشین بکەین. من بۆ خۆم بڕوام وایە تورکیا پێویستی بەوەیە کە ڕەوتەکە ئاسایی ببێتەوە پێش ئەوەی بچینە پڕۆسەی دەنگ دان و هەڵبژاردنی داهاتوو.
Your Comment