بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زەینەب خەزرەجی نوێنەری دەوڵەتی یاسا لە پارلەمانی عێراق بەیانیی ئەوڕۆ شەممە بەیاننامەیێکی دەرکرد و تێیدا داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کرد بە چڕی ڕووبەڕووی داگیرکارییەکانی تورکیا لە عێراق ببێتەوە و وتیشی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا دەبێ تێبگات کە عێراق سووریا نییە.
خەزرەجی باسی لەوە کرد کە تورکیا تەنیا لە زمانی هێز و زۆر تێدەگات و ئەمەش گەیشتۆتە ڕادەیێک کە هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ چۆڵ کردنی خاکی عێراق هیچ دەرەنجامێکی نەبووە و ئێستا تورکیا بەهۆی بێدەنگیی بەغداوە پای لەوە زیاتریش ناوە و لەناوخۆی عێراقدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەست پێکردووە.
ئەو ئەندامەی پارلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکۆماری تورکیا سنووری هەموو وڵاتانی دراوسێی بەزاندووە و بە هێرش کردنە سەر شوێنی جۆراوجۆر هەموو یاسا و کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە و پاشان وتیشی: حکوومەتی عێراق دەبێ باڵوێزی تورکیا بانگهێشت بکات و بە فەرمی و بە چڕی دژایەتیی خۆی لەمبارەوە پێی ڕابگەیێنێت.
زەینەب خەزرەجی هەروەها جەختی لەوەش کردەوە بێت و تورکیا لەم کارەی خۆیدا بەردەوام بێت دەبێ پێوەندیی دیپلۆماتیک، بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاوەستێت و عێراقیش وەکوو وڵاتێک کە سەروەریی بەسەر خاکی خۆیدا هەیە مافی بەرگری بۆ خۆی پارێزراو دەبینێت.
سەرچاوە: هەواڵدەریی ئەلغەدپرێس
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠١
Your Comment