باڵوێزی ئێران له‌ عێراق له‌گه‌ڵ کورده‌ فه‌یلییه‌کان دیداری کرد

به‌شی ئێران- باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ عێراق وتی که‌ ئێران په‌یوه‌ندییێکی گونجاوی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئیتنیک و ئایینه‌ عێراقییه‌کان له‌وان کورد و کورده‌ فه‌یلییه‌کان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیره‌ج مه‌سجدی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ باڵوێزخانه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک له‌ کورده‌ فه‌یلییه‌کان دیداری کرد و وتی که‌ په‌یوه‌ندیی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌موو ئیتنیک و عه‌شیره‌ جۆربه‌جۆره‌کانی عێراق له‌وان کورد و کورده‌ فه‌یلییه‌کان په‌یوه‌ندییێکی باش و دۆستانه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵده‌ریی ده‌وڵه‌ت له‌و دیداره‌؛ باڵوێزی وڵاته‌که‌مان له‌ عێراق ئاماژه‌ی دایه‌ زوڵم و ئه‌سته‌مێک که‌ کورده‌ فه‌یلییه‌کان له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس به‌ره‌وڕووی بوون وتی که‌ کورده‌ فه‌یلییه‌کان وه‌کوو عه‌شیره‌یێکی ڕه‌سه‌نی عێراق، به‌و بۆنه‌وه‌ که‌ هه‌م کوردن و هه‌میش شیعه‌ن، له‌ لایه‌ن ڕژیمی دیکتاتۆری سه‌دامه‌وه‌ زوڵمی دووئه‌وه‌نده‌ی لێکراوه‌.

سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی عێراقی کورده‌ فه‌یلییه‌کانیش له‌و دیداره‌دا سپاسی هه‌ڵوێستی ئیجابیی کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌رانبه‌ر به‌ عێراقی کرد و وتی: خه‌ڵکی عێراق هه‌رگیز هه‌ڵوێستی ئێران به‌تایبه‌ت له‌ شه‌ڕی دژ به‌ گرووپی تیرۆریستیی داعش له‌بیر ناکه‌ن.

ئه‌سه‌دوڵڵا فه‌یلی تیشکی خسته‌سه‌ر وته‌کانی باڵوێزی ئێران له‌ عێراق سه‌باره‌ت به‌و زوڵمه‌ی له‌ سه‌رده‌می ڕژیمی پێشووی ده‌سه‌ڵاتداری عێراقدا فه‌یلییه‌کان ڕووبه‌ڕووی بووبوونه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: ڕژیمی سه‌دام زۆرینه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ فه‌یلییانه‌ی له‌و عێراقه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئێران کرد و گه‌نجه‌کانی له‌ زیندان کوشت، ئه‌وه‌ش به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ڕه‌گه‌زی ئێرانییان هه‌بوووه‌.

ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانیی عێراقی کورده‌ فه‌یلییه‌کان له‌و دیداره‌دا ئاماژه‌یان به‌ ته‌رکیزی کورده‌ فه‌یلییه‌کان له‌ درێژاییی سنووری عێراق له‌گه‌ڵ ئێران کرد و داوای کرد سنووری مه‌نده‌لی و مه‌رزی خه‌سره‌وی له‌ پارێزگای دیاله‌ بکرێنه‌وه‌.

دوو پارێزگای واست و دیاله‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی عێراق له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌نته‌ری سه‌ره‌کیی نیشته‌جێ بوونی کورده‌ فه‌یلییه‌کانه‌ و له‌ باره‌ی ئاماری حه‌شیمه‌ت و نفووسی ئه‌و کوردانه‌وه‌ ڕه‌قه‌مێکی دیار نه‌خراوه‌ته‌ ڕوو به‌ڵام ده‌وترێت ژماره‌یان ده‌گاته‌ 500 هه‌زار که‌س.

ڕژیمی سه‌دام نزیکه‌ی 70 هه‌زار بنه‌ماڵه‌ی کوردی فه‌یلی له‌ هه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا ئاواره‌ی ئێران کرد و زۆرینه‌ی گه‌نجانی ته‌مه‌ن 18 بۆ 28 ساڵی له‌ بنه‌ماڵه‌کان دابڕاند و به‌ بێ تاوان له‌ سێداره‌ی دان.

کوردی فه‌یلی ئێستا چه‌ندین گرووپی سیاسییان پێکهێناوه‌ و تاقمێکیشیان له‌ قه‌باره‌ی حیزبی سیاسیی گه‌وره‌ی عێراقدا چالاکیی سیاسی ده‌که‌ن و یه‌ک له‌ گرووپه‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان هاوپه‌یمانیی عێراقیی کورده‌ فه‌یلییه‌کانه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12512

Your Comment

You are replying to: .
captcha