گەشتی ئاسمانیی تاران بۆ ئیلام هەڵوەشایەوە و موسافیرەکانی سەرگەردان بوون

بەشی ئیلام- درەنگ لە کاتی فڕینی فڕۆکەکانی وڵات بۆتە شتێکی ئاسایی و ئەم کێشەیە بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی ئیلام بۆ تاران و پێچەوانەکەشی زیاتر لە دیکەی شوێنەکانی وڵاتە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تا ئێستا درەنگ فڕینی گەشتەکان لەلایەن بەرپرسانەوە پاساو دراوەتەوە بەڵام هەڵوەشاندنەوەی گەشت بەبێ ئاگاداریی خەڵک ئەوەش پاش وەرگرتنی کارتی فڕین لە فڕۆکەخانە و بەبێ پاساوی قبووڵکراو تازەترین کەیسی کێشەوگرفتی گەشتەکانی ئیلام بۆ تاران و پێچەوانەکەیەتی کە ئەمجارەیان موسافیرانی ئەو گەشتەی لە فڕۆکەخانەی مێهرابادی تاران سەرگەردان کرد.

یەکێک لە موسافیرانی گەشتەکە تایبەت بۆ کوردپرێس لەمبارەوە وتی: ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕەشەمە بلیتمان بەدەستەوە بوو بۆ گەشتی تاران بۆ ئیلام و چووینە فڕۆکەخانەی مێهراباد.

"ح ئەکرەمی" وتیشی: بڕیار بوو کاتژمێر ١٤:٣٠ گەشتەکە بفڕێت و ئێمەش کاروبارەکەیمان ئەنجام دا و کارتی فڕینیشمان وەرگرتن بەڵام لە گەیتی ڕۆیشتن بەرەو هۆڵی ترانزیت وتیان گەشتەکە ماوەیێک وەدرەنگ کەوتووە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: پاش ماوەیێکی زۆر چاوەڕوانی کتوپڕ ڕایان‌گەیاند گەشتەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکیی فڕۆکەکەوە هەڵوەشاوەتەوە و دەکەوێتە ڕۆژی دوای ئەوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتە دەستی ئێمە گەشتەکە بەهۆی ئەوەوە کە هەموو کورسییەکانی نەفرۆشرابوون ڕۆژێک وەدوایان خستبوو.

ئەم موسافیرە ئیلامییە زیادی کرد: ئەم کارەیان سەرەڕای سەرگەردانیی زۆر خەسارێکی زۆری لە موسافیرەکانیش دا و زۆربەیان گەڕانەوە ناو شار و ناچار بوون تێچووی شەوێکی هۆتێل بدەن و ئەوانەشی کە دەرەقەتی هۆتێل نەدەهاتن شەو لەسەر کورسییەکانی فڕۆکەخانە ڕۆژیان کردەوە.

ناوبراو ڕای‌گەیاند: سەیر لەوەدایە بەرپرسانی کۆمپانیای ئاسمان کە گەشتەکە وە ئەستۆی ئەوان بوو تەنانەت نەهاتن وەڵامی موسافیرەکان بدەنەوە یان خۆ داوای لێبووردن بکەن. بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە تەنانەت پارەی خەڵکیشیان نەدایەوە و وتیان گەشتەکە ڕۆژی دوایی ئەنجام دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12468

Your Comment

You are replying to: .
captcha