بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تا ئێستا درەنگ فڕینی گەشتەکان لەلایەن بەرپرسانەوە پاساو دراوەتەوە بەڵام هەڵوەشاندنەوەی گەشت بەبێ ئاگاداریی خەڵک ئەوەش پاش وەرگرتنی کارتی فڕین لە فڕۆکەخانە و بەبێ پاساوی قبووڵکراو تازەترین کەیسی کێشەوگرفتی گەشتەکانی ئیلام بۆ تاران و پێچەوانەکەیەتی کە ئەمجارەیان موسافیرانی ئەو گەشتەی لە فڕۆکەخانەی مێهرابادی تاران سەرگەردان کرد.
یەکێک لە موسافیرانی گەشتەکە تایبەت بۆ کوردپرێس لەمبارەوە وتی: ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕەشەمە بلیتمان بەدەستەوە بوو بۆ گەشتی تاران بۆ ئیلام و چووینە فڕۆکەخانەی مێهراباد.
"ح ئەکرەمی" وتیشی: بڕیار بوو کاتژمێر ١٤:٣٠ گەشتەکە بفڕێت و ئێمەش کاروبارەکەیمان ئەنجام دا و کارتی فڕینیشمان وەرگرتن بەڵام لە گەیتی ڕۆیشتن بەرەو هۆڵی ترانزیت وتیان گەشتەکە ماوەیێک وەدرەنگ کەوتووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: پاش ماوەیێکی زۆر چاوەڕوانی کتوپڕ ڕایانگەیاند گەشتەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکیی فڕۆکەکەوە هەڵوەشاوەتەوە و دەکەوێتە ڕۆژی دوای ئەوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتە دەستی ئێمە گەشتەکە بەهۆی ئەوەوە کە هەموو کورسییەکانی نەفرۆشرابوون ڕۆژێک وەدوایان خستبوو.
ئەم موسافیرە ئیلامییە زیادی کرد: ئەم کارەیان سەرەڕای سەرگەردانیی زۆر خەسارێکی زۆری لە موسافیرەکانیش دا و زۆربەیان گەڕانەوە ناو شار و ناچار بوون تێچووی شەوێکی هۆتێل بدەن و ئەوانەشی کە دەرەقەتی هۆتێل نەدەهاتن شەو لەسەر کورسییەکانی فڕۆکەخانە ڕۆژیان کردەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: سەیر لەوەدایە بەرپرسانی کۆمپانیای ئاسمان کە گەشتەکە وە ئەستۆی ئەوان بوو تەنانەت نەهاتن وەڵامی موسافیرەکان بدەنەوە یان خۆ داوای لێبووردن بکەن. بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە تەنانەت پارەی خەڵکیشیان نەدایەوە و وتیان گەشتەکە ڕۆژی دوایی ئەنجام دەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment