بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو سوپایە پاش ٥١ ڕۆژ گەیشتوونەتە دەوروبەری شاری کوردنشینی عەفرین لە باکووری سووریا و ئێستا بنکە مرۆییە نێونەتەوەییەکان بەهۆی جەماوەری زۆری ئەو شارە نیگەرانی ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لەو شارەن و هەمبەر بەردەوام بوونی هێرشەکان هۆشداریان داوە.
لە هەمان کاتدا شۆرای ئیدارەیی عەفرین لە نامەیێکدا داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ئەو شارە ڕاگرێت و ناوچەیێکی دژە فڕین ڕابگەیێنێت.
هەر لەمبارەوە تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە ڕایگەیاند پاڵپشتانی بەرگری لە عەفرین لە ناوخۆی تورکیا ڕوویان کردووە لە سووریا و دەیانهەوێ بۆ بەرگری لەو شارە زنجیرەی مرۆیی پێکبهێنن. ئەو کەسانەی لە شاری غازی عەنتابی تورکیان کۆبونەتەوە و دەڵێن دەیانهەوێ یارمەتیی یەپەگە بدەن و بە درووست کردنی زنجیرەی مرۆیی نێوان کوردەکان لەگەڵ سوپای تورکیا و سوپای ئازادی سووریا ببنە هێڵێکی بەرگری و ڕێگری لە درێژەی هێرشەکەی تورکیا بکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە یەپەگە پێشنیارەکەی قبووڵ کردووە و گرووپی دیکەی وەکوو کوردی سووریا و بنکە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیش دەیانەوێ لە زنجیرە مرۆییەکەدا بەشداری بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment