نزیکەی 300 هەزار کریستیان لە باشووری کوردستان دەژین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی دەکاتەوە ژمارەی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 300,000 هەزار کەس دەبن.


بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت ژمارەی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان 275,000 هەزار بۆ 300,000 هەزار کەس دەبن.

لەبارەی ژمارەی کەنیسەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: کریستیانەکان 240 کەنیسە، مەزارگە و دێریان هەن لە شار و ناوچەکانی: هەولێر (عەنکاوە)، شەقڵاوە، سۆران، کۆیە، مێرگەسوور، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، ئاکرێ، شێخان، سەرسەنگ، سێمێل، بەمەرنی، زاوێتە، بەرواری باڵا، دێرەلووک و باگیری.

بەشێک لە کەنیسەکان لە ساڵانی شەڕی داعش وێران کراون یان زیانیان پێگەیشتووە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف 43 کەنیسە لە دەشتی نەینەوا وێران کراون و کەلوپەلەکانیان دزراون.

لە شەڕی داعش نزیکەی 138 هەزار کریستیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئێستا ٪15 یان لە هەرێمی کوردستان ماون، بەشێکی کەمیان گەڕاینەوە و بەشەکەی دیکەش کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.

لە دوای ساڵی 2003وە ژمارەی کریستیانەکانی عێراق بەرە بەرە کەمی کردووە، ئێستا تەنیا ٪20ی ئەو کریستیانانە لە عێراق ماون و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن.

پێش شەڕی عێراق لە ساڵی 2003 ژمارەی کریستیانەکانی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس بوون، ئەو کاتە دانیشتووانی عێراق 25 ملیۆن کەس بوون، واتە نزیکەی ٪6ی دانیشتووانی عێراقیان پێکدەهێنا.

دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، کریستیانەکان بە لێشاو لە عێراقەوە کۆچیان کرد بەرەو دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە تایبەت پاش سەرهەڵدانی شەڕی تائیفی لە ساڵی 2007، دواتریش لەکاتی شەڕی داعش.

ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان:

ساڵی 1987 (2,400,000)

ساڵی 2003 ( 1,500,000 )

ساڵی 2013 ( 450,000 )

ساڵی 2019 ( 300,000 )

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1236

Your Comment

You are replying to: .
captcha