ئێران و تورکیا ئامادەی بەکارهێنانی پارەی نەتەوەیی لە بازرگانیدان/ تاران و ئەنقەرە ئەرکیان هەمبەر خەڵکی سووریا قورسە

بەشی ئێران- هەردوو سەرۆک کۆماری ئێران و تورکیا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە وردەکاریی بەکارهێنانی پارەی نەتەوەیی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان دوو لایەندا تاوتوێ کراوە و ئامادەیە جێبەجێ بکرێت و ئەم هەڵمەتەش دەتوانێت هەڵبەزینێک لە هاوکاریی ئابووریی تاران و ئەنقەرە دروست بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن ڕۆحانی ئێوارەی چوارشەممە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا قسەی کرد و باسی لەوە کرد پەرەپێدانی هاوکاریی بانکی کلیلی سەرەکیی گەشەی پێوەندییە ئەبوورییەکانی نێوان دوو وڵاتە و وتیشی: ئامادەبوونی وردەکارییەکانی بەکارهێنانی پارەی نەتەوەیی هەواڵێکی باش و هەڵمەتێکی تازە بۆ هەردوو نەتەوەیە.

سەرۆک کۆمار پاشان لەسەر پێویستی پاراستنی ئەمنییە لە سنوورە هاوبەشەکاندا قسەی کرد و وتی تاران ئامادەیە لە بواری ئەمنی و سنوورەوانییەوە لەگەڵ ئەنقەرە هاوکاری بکات.

دکتور ڕۆحانی باسی لە دۆخی ئێستای سووریاش کرد و وێڕای ئاماژە بەوەی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا وەکوو دراوسێ و دۆست و دوو وڵاتی موسوڵمان ئەرکێکی قورسیان هەمبەر سووریا هەیە دەری‌بڕی: دەبێ هەموو هەوڵ بدەین نەوەک کارەساتێکی مرۆیی لە غووتەی ڕۆژهەڵات ڕوو بدات و تاران و ئەنقەرە لەمبارەوە ئەرکیان قورسە و دەبێ هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ تا ئاگربەستێکی جێگیر لە سووریا دامەزرێت.

سەرۆک‌کۆمار شرۆڤەی کرد ئەگەر هێرشی قومپارەکانی تیرۆریستان بۆسەر دیمەشقی پێتەخت ڕاوەستێت و ئاسایشی ئەو شارە دابین بکرێت ئەودەم دەکرێ داوا لە دیکەی لایەنەکانیش بکرێت کە هێرشەکانیان ڕاوەستێنن و لە تورکیاش داوای کرد دەسەڵاتی خۆی بەکار بهێنێت بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک‌کۆمار هاوکارییە سێ قۆڵییەکانی ئێران، تورکیا و ڕووسیای بە گرینگ وەسف کرد و وتی ئێران ئامادەیە بۆ هەموو هەوڵێک لە غووتەی ڕۆژهەڵات و ناردنی یارمەتیی مرۆیی بە هاوکاریی هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان.

داواشی لە تورکیا کرد هەوڵ بدات گەمارۆی ژنان و منداڵانی فەوعا و کفریا لەلایەن تیرۆریستەکانەوە کۆتاییی پێبێت.

سەرۆک‌کۆماری تورکیاش لەم گفتوگۆیەدا ئاماژەی بەوە کرد بەکارهێنانی پارەی نەتەوەیی پێوەندییە ئابوورییەکانی دوو وڵات دەباتە قۆناغێکی نوێوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دۆخی ئێستای غووتەی ڕۆژهەڵاتی وەکوو تراژێدیا وەسف کرد و وتی وەکوو دوو وڵاتی موسوڵمان و گەورەی ناوچەکە دەبێ هاوشانی یەکتر کۆتایی بەم تراژێدیایە بهێنین.

ئەردۆغانیش جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی دەبێ هێرشی قومپارەیی تیرۆریستەکان لە غووتەی ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو دیمەشق ڕاوەستێت و وتی ئەگەر بتوانین بە گفتوگۆ و ڕاوێژ ئاگربەست دامەزرێنین ئەودەم دەتوانین بۆ هەنگاوەکانی دوای ئەو قۆناغە پێکەوە هاوکاریی زیاترمان هەبێت و هیوادارم لە دانیشتنی داهاتووی ئەستانە ئەم بابەتەش تاوتوێ بکرێت و بخرێتە بەر باس.

هەردوو سەرۆک‌کۆمار باسیان لەوە کرد کە بۆ ڕاگرتنی پێکدادان و ئاڵۆزی لە سووریا تێدەکۆشن و لەمبارەوە فەرمانی پێویستیش دەدەن.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 12333

Your Comment

You are replying to: .
captcha