له‌ هێرشی‌ ئاسمانیی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین 36 هێزی مه‌ده‌نیی سووریا کوژران

به‌شی سووریا- هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سه‌ر بنکه‌ و باره‌گای هێزی مه‌ده‌نیی سووریا له‌ عه‌فرین ده‌یان کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕوانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا ڕای‌گه‌یاند ڕۆژی شه‌ممه‌/ 3ی مارچ فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی تورکیا که‌مپی هێزی مه‌ده‌نیی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی سووریا له‌ گوندی "کفر جنه‌"ی عه‌فرین له‌ باکووری ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌یان کرده‌ ئامانج و له‌ ده‌رئه‌نجامدا لانی‌که‌م 36 هێزی مه‌ده‌نی کوژران.

له‌ حاڵێکدا که‌ هێزی مه‌ده‌نیی سووریا حه‌وته‌ی ڕابردوو بۆ یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل بۆ تێکشکاندنی هێرشی سوپای تورکیا و هێزه‌ سوورییه‌کانی سه‌ر به‌وان چووبوونه‌ عه‌فرین چاودێری مافی مرۆڤ جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ سێهه‌مین هێرشی فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر بنکه‌ی هێزه‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کان له‌ ماوه‌ی 48 کاتژمێری ڕابردوو هێرش کردنه‌ سه‌ر "کفر جنه‌" ده‌بێت.

هاوکات، هێزه‌کانی سووریای دیموکراتیک به‌ سه‌رکردایه‌تیی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌لیش به‌یاننامه‌یێکیان ده‌رکرد و له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا باسی له‌ هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سه‌ر بنکه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی مه‌ده‌نیی سه‌ر به‌ سوپای سووریا له‌ کاتژمێر 5 تا 10ی سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ کاتی ناوچه‌یی کرد به‌ڵام هیچ زانیارییێکی سه‌باره‌ت به‌ شوێنی هێرشه‌که‌ و ژماره‌ی کوژراوانی ئه‌و هێرشه‌ بڵاو نه‌کرده‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆیتێرز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12151

Your Comment

You are replying to: .
captcha