هەیڤی مستەفا هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین بە هەواڵنێری نێردراوی کوردپرێسی وت: داوا لە هەموو لاینێک دەکەم ئەرکی نیشتمانیی خۆیان لە پێناو پاراستنی یەکپارچەییی خاکی سووریا ڕاپەڕێنن.
ناوبراو لە بارەی ڕێککەوتنی نێوان یەپەگە و دەوڵەتی سووریا بۆ هاوکاری کردن لە پێناو برگری کردن لە بەرانبەر هێرشەکەی تورکیا بۆ عەفرین وتی: ڕێککەوتنی نێوان یەپەگە وسوپای سووریا ڕێککەوتنێکی سەربازی بوو. دەوڵەتی سووریا داوای یەکپارچەییی خاکی سووریا دەکات و هەر بەو بۆنەشەوە داوامان لێ کردن بێن و بەرپەرچی هێرشی سوپای دەستدرێژیکەری تورکیا بدەنەوە.
هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین دەشڵێت ناردنی هێزی مەدەنیی سەر بە دەوڵەتی سووریا بەس نییە بۆ بەرپەرچ دانەوەی هێرشەکانی تورکیا.
ناوبراو لەو بارەیەوە زیادی کرد: چەند گرووپێکی مەدەنیی بچووک هاتوون و چەند شەهیدیشیان داوە بەڵام تا ئەم کاتە نەیانتوانیوە لە بەرانبەر هێرشی فڕۆکەکانەوە هیچ بکەن.
مستەفا لە بارەی ئەرکی هەموو لایەنەکانی شەڕی سووریا لە بەرانبەر عەفرین وتیشی: ئێمە هەموو ئەو هێزانەی بە مەبەستی چارە کردنی کێشەکانی سووریا هاتوونەتە نێو خاکی ئەم وڵاتەوە بە بەرپرسیار دەزانین ودەبێت وەڵامدەر بن لە بەرانبەر ئەو قوربانییانەی لە ماوەی 42 ڕۆژی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی. چاوەڕوانیش دەکەین هەڵوێست و کاردانەوەیان هەبێت لە بەرانبەر ئەو هەڵمەتی کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیلەوە. چوونکە بێدەنگ بوونیان دەبێتە هۆی نائەمنی لە هەموو جیهان.
Your Comment