فڕۆکەخانەکانی هەولێر ناتوانن درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕایدەگەیێنێت حكوومەتی عێراق كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بە سیاسی كردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕایگەیاند: پێشتر حكوومەتی عێراق ئاشكرای كردبوو كە لە 28/2/2018 فڕۆكەخانەكانی هەلێر و سلێمانی دەكرێنەوە، بەڵام ئەوان خێرا بڕیارێكی دیكەیان بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان دەركرد كە لە 28/2/2018ەوە نوێ دەكرێتەوە تاكوو 31/5/2018، ئەمە لە كاتێكدا گفتوگۆكان لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان دەستی پێ كردبوو".

تەلار فایەق وتیشی: فڕۆکەخانەکانی هەولێر بە هۆی نەبوونی داهاتەوە ناتوانن لەوە زیاتر درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن.

ناوبراو ئاشكراشی كرد،دەوڵەتی عێراق 37 ملیۆن دۆلار قەرزاری هەولێرە و ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە ڕادەستی هەرێم بکاتەوە.

دوای ئەنجام دانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 25ی سێپتێمبێری 2017، حكوومەتی عێراق ژمارەیێک بڕیاری لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد و یەكێک لە بڕیارەكان ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانییە.

سەرچاوە: باس نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 11993

Your Comment

You are replying to: .
captcha