ئەگەر بودجەی 2018 بەبێ كورد تێپەڕێنرا، کورد دەبێت لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بکشێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بودجەی 2018ی عێراق لە پەسەند كردن نزیک دەبێتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیێنێت: ئەگەر بەبێ كورد بودجە تێپەڕێنرا، پێویستە سەكردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیارێک لە بارەی مانەوە و نەمانەوە لە بەغدا بدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیارە ئەمڕۆ 27ی 2ی 2018، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێكی ئاساییدا، دەنگ لەسەر پەسەند كردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2018 بدات.

عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رایگەیاند: وەكوو فراكسیۆنە كوردستانییەكان، لە سەر هەڵوێستی خۆمان سوورین و دەنگ بەو بودجەیە نادەین، هەتاوەكوو داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت.

ناوبراو وتیشی: زانیاریی ئەوەمان هەیە كە بەشێک لە شیعەكان و سوننەكانیش لەگەڵ پڕۆژەیاساكەدا نین، سەرباری ئەوەش پەرلەمانتاران كاندید كراونەتەوە، بۆیە ئەگەرێكی زۆر هەیە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ نیسابی یاسایی تەواو نەبێت و زەحمەتە بودجە تێپەڕێنرێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر بەبێ جێگیر كردنی داواكارییەكانی كورد بودجەكە تێپەڕێنرا، كورد بژاردەی چی دەبێت، عەرەفات كەرەم وتی: ئەگەر هاتوو بەبێ كورد بودجەكە تێپەڕێنرا، ئەوە پێمان دەڵێن شوێنتان لە بەغدا نەماوە و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەی خۆتان، ئەوكاتەش پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی بڕیارێک لەبارەی مانەوە و نەماوە لە بەغدا بدات.

ناوبراو وتیشی: "لە ئێستادا لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، پێویستە پێگەی خۆمان وەكوو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەهێز بكەین، بۆ ئەوەی رۆڵمان هەبێت لە دانانی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.

سەرچاوە: SNN

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 11987

Your Comment

You are replying to: .
captcha