TEV-DEM ده‌ستگیر کردنی ساڵح موسلیم ئیدانه‌ ده‌کات

به‌شی سووریا- ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتیکی سووریا ده‌ستگیر کردنی ساڵح موسلیم له‌سه‌ر پیلانی حکوومه‌تی تورکیا ئیدانه‌ ده‌کات و داوا له‌ کۆمه‌ڵگای جیهانی ده‌کات له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و کاره‌ هه‌ڵوێست بنوێنێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتیکی سووریا (TEV-DEM) ده‌ستگیر کردنی ساڵح موسلیم به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ته‌ڤگه‌ره‌ و هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی چێکه‌وه‌ سه‌رکۆنه‌ و داوا له‌ کۆمه‌ڵگای جیهانی ده‌کات کاردانه‌وه‌ هه‌مبه‌ر داپه‌ڕه‌ نایاسایییه‌کانی حکوومه‌تی تورکیا نیشان بدات.

TEV-DEM له‌باره‌ی ده‌ستگیر کردنی ساڵح موسلیم له‌ پراگ له‌سه‌ر داوای تورکیا به‌یاننامه‌یێکی بڵاو کرده‌وه‌ و ئه‌و کاره‌ی سه‌رکۆنه‌ کرد و ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ پیلانی حکوومه‌تی تورکیا دژ به‌ که‌سایه‌تیی کوردی سووریا وه‌سف ده‌کات که‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی شکست هێنانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ کانتۆنی کوردنشینی عه‌فرین ئه‌نجام دراوه‌.

له‌ درێژه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوووه‌: "ئه‌و کاره‌ دژ به‌ بایه‌خه‌ مرۆیییه‌کان و یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌. حکوومه‌تی تورکیا مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌سێک که‌ هاووڵاتیی ئه‌و وڵاته‌ نییه‌ به‌دواداچوونی یاسایی یان ده‌ستگیر بکرێت. ساڵح موسلیم هاووڵاتییێکی سوورییه‌ که‌ پێشینه‌یێکی خه‌باتگێڕانه‌ی له‌ بواری به‌رخۆدان و خزمه‌ت کردن به‌ خه‌ڵکی هه‌یه‌."

TEV-DEM وێڕای ئیدانه‌ کردنی ئه‌و کاره‌ داوا له‌ تێکڕای ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و یاسایییه‌کان، که‌سایه‌تییه‌کان، وڵاتان و داموده‌زگاکانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان ده‌کات هه‌مبه‌ر ئه‌و کاره‌ هه‌ڵوێست بنوێنێت.

سه‌رچاوه‌: فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11924

Your Comment

You are replying to: .
captcha