ناردنی کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کوردستانی ئێران 113% زیادی کردوووە

به‌شی کوردستان- دەروازەی باشماخ، یەکێک لە دەروازە فەرمییەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە که‌ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکانی نێوان پارێزگەی سنە و هەرێمی کوردستان لەچاو ساڵی ڕابردوو گەشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و 113% زیادی کردوووە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بەگوتەی بەختیار رەحمانی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پارێزگەی سنە، لە 11 مانگی رابردوودا واتە لە سەرەتای بەهاری 2017ەوە تا ئێستا، بڕی 65 ملیۆن دۆلار کاڵا بە فەرمی لە سنوورەکانی پارێزگای سنەوە هاوردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە، ئەو رێژەیە لەچاو ساڵی پێشوو 113% زیاتر بوووە.

هەروەها لە 11 مانگی رابردوودا بڕی 942 ملیۆن دۆلاریش کاڵا لە سنوورەکانی پارێزگای سنەوە هەناردەی باشووری کوردستان کراوە، ئەوەش لە ڕووی کێشەوە 12% و لە ڕووی نرخیشەوە 29% بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر بوووە.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پارێزگای سنە بە ئاماژە کردن بەوەی بەشی هەرەزۆری ترانزێتی کاڵا لە دەروازەی باشماخەوە ئەنجام دەدرێت، ڕای‌گەیاند: رێژەی ترانزێت لە سنووری باشماخەوە ئەمساڵ لەچاو ساڵی رابردوو لە ڕووی کێشەوە 75% و لە ڕووی نرخەوە 66% زیاتر بوووە.

هەروەها لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا 261 گەشتیار لە سنووری باشماخەوە چوونەتە نێو ئێران و 273 هەزار کەسیش لەو سنوورەوە ئاودیوی هەرێمی کوردستان بوونە. بەم پێیە هاتووچۆی گەشتیاریش لەچاو ساڵی ڕابردوو بە رێژەی 10% زیاتر بوووە.

پارێزگەی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان سنووری هاوبەشی هەیە و 90 %ی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگەی سنەش لە دەروازەی باشماخەوە ئەنجام دەدرێت. دەروازەکە دەکەوێتە نێوان شارەکانی پێنجوێن و مەریوان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11902

Your Comment

You are replying to: .
captcha