دووکانداره‌کانی بازاڕچه‌ی پیرانشار مانیان گرتوووه‌

به‌شی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا- دووکانداره‌کانی بازاڕچه‌ بازرگانییه‌کانی پیرانشار به‌ نیشانه‌ی مانگرتن و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌ داخرانی مه‌رزه‌کان، دووکانه‌کانیان داخستوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، تاقمێک له‌ دووکاندارانی بازاڕچه‌ بازرگانییه‌کانی پیرانشار دووکانه‌کانیان داخست و مانگرتنیان ڕاگه‌یاند ئه‌وه‌ش وه‌کوو ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌ داخراوبوونی مه‌رزه‌کانی ئه‌و شاره‌.

مانگرتنی کاسبکارانی شاری پیرانشار پاش ئه‌وه‌ دێت که‌ چه‌ندین مانگه‌ به‌دواداچوون و پێوشوێنگری ده‌که‌ن بۆ کرانه‌وه‌ی مه‌رزی ته‌مه‌رچین به‌ڵام سه‌ره‌ڕای وه‌عده‌ و به‌ڵێنی به‌رپرسان تا ئێستا ئه‌و مه‌رزه‌ نه‌کراوه‌ته‌وه‌. له‌ لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ قه‌پات بوونی مه‌رزه‌کان وای کردوووه‌ بار و کاڵای بازرگانان و کاسبکارانی بازاڕی پیرانشار له‌و سنووره‌دا بمێنێته‌وه‌ و له‌م ده‌مه‌و به‌هاره‌دا که‌ پشووی ڕۆژانی نه‌ورۆز ده‌ست‌پێده‌کات و گه‌شتیاری زۆر سه‌ردانی ناوچه‌ی پیرانشار ده‌که‌ن داخراوبوونی سنووره‌کان ناڕه‌زاییی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ی لێکه‌وتۆته‌وه‌.

پاش مانگرتنه‌که‌ سه‌یدعه‌لی تورابی، قائمقامی پیرانشار له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له‌ نوێنه‌رانی دووکانداران و کاسبکارانی ناڕازی له‌ قائمقامێتیی ئه‌و شاره‌ کۆ بوویه‌وه‌ و کێشه‌که‌ی له‌گه‌ڵ باس کردن.

قائمقامی پیرانشار له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا وه‌عدی به‌ کاسبکاران دا دیسانه‌وه‌ پێداگر بێت له‌ سه‌ر به‌دواداچوونی بابه‌ته‌که‌ تا ئه‌و کاته‌ی ده‌گاته‌ ئه‌نجام و داواکاریی کاسبکاران جێبه‌جێ ده‌کرێت و مه‌رزه‌کان ده‌کرێنه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11888

Your Comment

You are replying to: .
captcha