بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی دەربڕی لە سەر پڕۆژە بڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ.
پڕۆژە بڕیارەکە داوا لە هەموو لایەنە ناکۆکەکانی شەڕ دەکات "دەست بەجێ" شەڕ و پێکدادان ڕابگرن، لانی کەم بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ، هەروەها داوا دەکات ڕێگە بدرێت بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆیییەکان یارمەتییەکان بگەیێننە ناوچە کارەساتبارەکان و بریندارەکان بگوازنەوە، هەروەک پڕۆژە بڕیارەکە داوا دەکات گەمارۆ لەسەر شارەکان هەڵبگیریت لە نێویاندا شاری غوتەی شەرقی.
بەپێی دەقی پڕۆژە بڕیارەکە ئاگربەستەکە سەرتاسەری سووریا دەگرێتەوە و پێویستە دەستبەجێ بچێتەبواری جێبەجی کردنەوە.
نوێنەری کوەیت لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی بڕیارەکە ڕایگەیاند: ئاگربەست چارەسەرێکی کاتییە بۆ بارودۆخی سووریا.
هاوکات نوێنەری سوید ڕایگەیاند: پڕۆژە بڕیارەکە بە ئامانجی مرۆیییە.
نوێنەری ئەمەریکاش لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند: وڵاتەکەی خوازیارە هەرچی زووە ئەم ئاگربەستە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە .
داواشی کرد بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا دەستبەجێ بۆردومانی غوتەی شەرقی ڕابگرێت و ڕێگە بدات یارمەتییە مرۆیی و پزیشکییەکان بگاتە شارەکە.
لە لایەن خۆیەوە، نوێنەری سووریا داوای لە وڵاتان کرد گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن پابەند بکەن بە جێبەجێ کردنی ئاگربەست و ئەگەر پێشلێکاری ئاگربەستیان کرد هەڵوێست و کاردانەوەی توندیان هەبێت بەرامبەریان. هەروەک داواشی کرد ڕێز لە سەروەری خاکی سووریا بگیرێت بەتایبەت کە لە ئێستادا تورکیا پێشێلی کردوووە.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment