بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا ٢٠ی جانیڤێریی ٢٠١٨ هێرش بۆسەر عەفرینی دەست پێکرد ئەوەش لە کاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا وەکوو چاوەدێر لەو ناوچەیە بوون. ڕووسیا کۆنترۆڵی ئاسمانی عەفرینیشی بەدەستەوە بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەی تورکیا هێرشی دەست پێکرد ناوچەکەی چۆڵ کرد.
بلێنت عەلیڕەزا بەڕێوەبەری بەشی تورکیا لە ناوەندی توێژینەوەی ستراتێژیک و نێونەتەوەیی لە ئەمریکا لەمبارەوە لە لێدوانێک بۆ تەلەفزیۆنی سی ئێن بی سی دەڵێت: ئاسمانی عەفرین بەتەواوی لە کۆنترۆڵی ڕووسیادایە کەواتە هەرچی تورکیا لەوێ دەیکات بە مۆڵەتی ڕووسیاوە ئەنجام دەبێت.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە عەفرین دەشڵێت: ئەم کارە پاساوی هەیە چوونکە کوردی ناچار کرد وەڵامی هێرشەکانی ئەردۆغان بدەنەوە و هەروەها بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەسەد هێزەکانی بهێنێتەوە ناو عەفرین.
عەلیڕەزا بڕوای وایە ڕێگای تەواو بوونی قەیرانی سووریا ڕێککەوتنی نێوان هەموو ئەکتەرەکانی ئەو وڵاتەیە و تا ڕادەیێکیش داوای کوردەکان بۆ ئیدارەی خۆسەری ناوچە کوردنشینەکان دەبێ ئاوڕی لێبدرێتەوە.
هەر لەمبارەوە ئاماندا سلات توێژەری بروکینز لەو بڕوایەدایە سەڕای ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە دەبێ ڕەوتی ئاشتی نێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکە دەست پێبکاتەوە و دیسانەوە ئاگربەس بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە.
ئەو دوو توێژەرە بڕوایان وایە بەشێکی زۆری قەیرانی ئێستای سووریا پێوەندیی بە ستراتێژیی ئەمریکا لەو وڵاتەوە هەیە.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment