تورکیا و ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر کورده‌کان ڕێک ده‌که‌ون

به‌شی تورکیا- نوێنه‌ری HDP ده‌ڵێت: تورکیا و ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر کورده‌کان ڕێککه‌وتوون. تورکیا هاووڵاتییانی ئه‌ڵمانیی ئازاد ده‌کات و ئه‌ڵمانیاش ڕێگری له‌ گردبوونه‌وه‌ی کورده‌کان له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ شه‌ڕی عه‌فرین ده‌کات. جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌ڵمانیا فرۆشتنی چه‌ک به‌ تورکیا درێژه‌ ده‌دات و هه‌مبه‌ر کوشتنی کورده‌کان بێده‌نگ ده‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌له‌کناز ئۆجه‌ نوێنه‌ری پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP) له‌ په‌رله‌مانی تورکیا له‌باره‌ی ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی که‌ له‌ پێوه‌ندیی تورکیا و ئه‌ڵمانیا ڕووی داوه‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له‌ واقیعدا ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌سه‌ر کورده‌کان ڕێککه‌وتوون.

نوێنه‌ری پێشووی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کانتۆنی کوردنشینی عه‌فرین ده‌گرێت و ده‌شڵێت: "ئه‌ڵمانیا هه‌مبه‌ر کوشتوبڕی خه‌ڵکی سڤیل و منداڵان بێده‌نگه‌. بازرگانی و فرۆشتنی چه‌ک ته‌نها شتێکه‌ که گرینگایه‌تییێکی زۆری بۆ ئه‌وان هه‌یه‌."

ناوبراو له‌باره‌ی گۆڕانکاری له‌ پێوه‌ندیی ئه‌نقه‌ره‌- به‌رلین و ڕێککه‌وتنی ئه‌وان له‌سه‌ر کورد ڕای‌گه‌یاند: "له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ هه‌ندێک پرس هه‌بوو وه‌کوو زیندانی کرانی هاووڵاتییانی ئه‌ڵمانیا له‌ تورکیا، چالاکیی میت له‌ ئه‌ڵمانیا، بنکه‌ی ئینجیرلیک و قه‌ده‌غه‌ی گردبوونه‌وه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا. ئه‌وان ماوه‌یێک ددانیان له‌ یه‌کتر ڕیچ ده‌کرده‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا چای بۆ هاوتا تورکه‌که‌ی داده‌کات. له‌ واقیعدا له‌م ڕۆژه‌ که‌ کورد مافی دیموکراتیکی خۆی بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین به‌کار ده‌هێنێت له‌ ئه‌ڵمانیا هێرشیان ده‌کرێته‌ سه‌ریان. ده‌ست به‌ سه‌ر ئاڵای ناڕازییاندا ده‌گیرێت و ئیزنی گردبوونه‌وه‌ به‌وان نادرێت. ڕۆژێک که‌ چالاکوانانی ئه‌ڵمانیی ده‌ستگیرکراو له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ ئازاد کران، ئه‌ڵمانیا مۆڵه‌تی گردبوونه‌وه‌ی به‌ کورده‌کان نه‌دا و له‌ کاتێکدا دێنیز یۆجل ئازاد کرا هه‌مدیسان مۆڵه‌تی گردبوونه‌وه به‌ کورده‌کان نه‌درا. ئه‌مانه‌ چۆن ڕوو ده‌دات؟ ئایا تێکڕای ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌ڕێکه‌وت ڕوو ده‌دات؟ ئه‌وا یانێ ئه‌ڵمانیا و تورکیا له‌سه‌ر کورده‌کان دانووستانیان ئه‌نجام داوه‌."

ئۆجه‌ ئه‌ڵمانیا به‌ مامه‌ڵه‌ له‌سه‌ر کورده‌کان و ئاوڕ نه‌دانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ به‌ داهاتووی ئه‌وان تۆمه‌تبار ده‌کات و ڕاشی‌ده‌گه‌یێنێت: "ئه‌ڵمانیا وڵاتێکه‌ که‌ له‌ ساڵی 2014وه‌ زیاترین چه‌ک و چۆڵی سه‌ربازی به‌ تورکیا فرۆشتوووه‌. ئه‌ڵمانیا گرینگی به‌ کوشتوبڕی کورده‌کان و داهاتووی ئه‌وان نادات. ئه‌وان ته‌نها به‌هێزکردنی ئابوور و فرۆشتنی چه‌ک به‌ تورکیایان به‌ لاوه‌ گرینگه‌. ئه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی دانووستانی پیسی نێوان ئه‌ڵمانیا و تورکیا له‌سه‌ر کورده‌کانه‌."

سه‌رچاوه‌: فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11812

Your Comment

You are replying to: .
captcha