هه‌ولێر ئاماده‌کاری بۆ ڕێکخستنی کۆنفڕانسێکی هاوبه‌شی ئابووری له‌گه‌ڵ ئێران ده‌کات

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌بدوڵڵا ئاکره‌یی له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا باسی پلاندانان و ئاماده‌کاری ده‌کات بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی کۆنفڕانسێکی هاوبه‌شی بازرگانی له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌وه‌ش له‌ داهاتوویێکی نزیکدا.

کوردپرێس، له‌ سه‌ردانه‌که‌ی نێچیرڤان بارزانیدا بۆ ئێران که‌ دواڕۆژی مانگی به‌فرانباری 96 ئه‌نجام درا له‌ دیداری ناوبراو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێرانیدا بڕیار درا په‌ره‌ به‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان بدرێت. به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دیمانه‌یێکی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری کوردپرێس کردوووه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: یه‌ک له‌ ته‌وه‌ره‌ گرینگه‌کانی ئه‌و سه‌ردانه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌سه‌ر هه‌ر سێ سنووری فه‌رمی به‌قوه‌ت بکه‌ین. ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ خۆمان ئاماده‌ ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر سه‌ردانێکی هه‌ر دوو ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات بکات ئه‌و سه‌ردانه‌ش پێش جێژنی نه‌ورۆز ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارێزگاره‌کانی ئه‌و دوو پارێزگایه‌ هه‌ردووک نوێن و تازه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر کار بۆیه‌ بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک ئاشنا ببن و دووباره‌ باسی کارا کردنه‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه‌ بکرێت ئه‌وه‌ له‌لایێک و له‌ لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت و له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانیی هه‌رێم، سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆک تاوتوێ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌که‌ین.

ناوبراو زیادی کرد: هه‌وڵیش ده‌ده‌ین داوه‌تێک بنێرین بۆ ژووری بازرگانیی کرماشان و سنه‌ و ئازه‌ربایجانی غه‌ربی و تێکڕای پارێزگاره‌کانی وه‌زاره‌تی بازرگانیی ئێرانیش که‌ کۆنفڕانسێک له‌ هه‌ولێر ڕێک بخه‌ین و بتوانین ئالییه‌تی ئه‌وه‌ په‌یدا بکه‌ین که‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی وه‌کوو دۆخی جاران به‌قوه‌ت و به‌هێز بکرێت.

بڕیاره‌ له‌م ماوه‌ی دواییدا حکوومه‌تی عێراق هه‌ندێک مه‌رزی لاوه‌کی و نافه‌رمی له‌ نێوان دوو لایه‌ندا قه‌پات بکرێت. عه‌بدوڵڵا ئاکره‌یی سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ش گوتوویه‌تی: حکوومه‌تی عێراق ئاگاداری پارێزگاریی سلێمانی کردوووه‌ که‌ ئه‌و سنووره‌ نافه‌رمییانه‌ قه‌پات بکرێت تاکوو بکرێن به سنووری ڕه‌سمی. پێشتریش حکوومه‌تی عێراق له‌ کردنه‌وه‌ی سنووری باشماخ و حاجی ئۆمه‌ران تا هه‌ر دوو لا دانه‌نیشتن نه‌کران به‌ سنووری نێوده‌وڵه‌تی. دیاره‌ ئێستاش مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر دوو لا گفتوگۆ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕوونی بکه‌نه‌وه‌ کام سنوور پێویسته‌ هه‌وڵی بۆ بده‌ن تا بکرێته‌ سنووری فه‌رمی. دیاره‌ حکوومه‌تی عێراق ئێستا پێی خۆش نییه‌ به‌م شێوه‌یه‌ سنووره‌کان کراوه‌ بن.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ کاتی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفڕانسی هاوبه‌شی ئابووری له‌گه‌ڵ ئێران و ئاماده‌کاری بۆ ئه‌و کۆنفڕانسه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێس وت: ئێمه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ پاش 15ی خاکه‌لێوه‌ ئه‌و ئاماده‌کارییانه‌ بکرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11804

Your Comment

You are replying to: .
captcha