ساڵح موسلیم : تورکیا بە چەکی ناتۆ خەڵکی سیڤیل دەکوژێت/ تورکیا خولیای بەرفراوان کردنی هەرێمی خۆی لە مێشکیدا دەبزوێنێ

بەشی سووریا- ساڵح موسلیم، وته‌بێژی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆكرات - ته‌ڤده‌م لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەندێک تەوەری خستە ڕوو و لەو لێدوانەدا ڕەخنەی لە ناتۆ گرت کە تورکیا بە چەکی ناتۆوە خەڵکی سڤیل دەکوژێت و گوتیشی تورکیا بیر لە میساقی میللی دەکاتەوەکە ئیدلیب و حەلەبیش دەگرێتەوە.

کوردپرێس- ساڵح موسلیم له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیی ساز كر و لەو کۆنفڕانسەدا ڕایگه‌یاند، ئه‌وان ده‌زانن كه‌ توركیا پشتگیریی گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كان ده‌كات و وتیشی: ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت به‌م هێرشه‌ هه‌رێمی خۆی به‌رفره‌وانتر بكات.

ناوبراو زیادی کرد: توركیا باسی میساقی میللی ده‌كات كه‌ حه‌له‌ب و ڕۆژئاواشی تێدایه‌ و هه‌تا كه‌ركووك - مووسڵ درێژ ده‌بێته‌وه‌. به‌م شه‌ڕه‌ ده‌یانه‌وێ ئه‌و هه‌رێمانه‌ بخه‌نه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه‌.

موسلیم ده‌ستنیشانی كرد: توركیا پشتگیریی گرووپه‌كانی ئه‌لنووسره‌ و داعش ده‌كات. له‌ ڕاستیدا ئه‌وان داعشیان دروست كرد، ئه‌وان داعشیان بنیات نا. دوای ئه‌وه‌ی داعش مووسڵی داگیر كرد، توركیا بۆ خۆی ده‌ڵێت كه‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعش دروست كردوووه‌. دوای ئه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین ده‌ستیان پێكرد، توركیا ٥٠ ئۆتۆبوسی پڕ له‌ چه‌ته‌ی هێنایه‌ هه‌رێمه‌كه‌‌ كه‌ ئه‌ندامانی پێشووی داعش-یشیان تێدابوون.

ساڵح موسلیم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد؛ گه‌لی عه‌فرین، عه‌فرین ده‌پارێزێت. له‌ عه‌فرین نزیكه‌ی ٨٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌ژین و نزیكه‌ی ٤٠٠ هه‌زار په‌نابه‌ریشی لێیه‌. نه‌ك ته‌نیا كورد، گه‌لانی دیكه‌ی عه‌فرینیش هه‌رێمی خۆیان ده‌پارێزن.

ناوبراو وتیشی: هاووڵاتییه‌ سیڤیله‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ به‌پێی ده‌رفه‌تی خۆیان چه‌كیان هه‌ڵگرتوووه‌ و خۆڕاده‌گرن.

موسلیم ڕایگه‌یاند: ده‌وڵه‌تی توركیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هاووڵاتییانی سیڤیل، به‌ چه‌كی ناتۆ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ملیۆنێك و ٢٠٠ هه‌زار هاووڵاتیی سیڤیل. له‌وێ ژن و منداڵی سیڤیل له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كاندا ده‌كوژرێن.

وته‌بێژی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤده‌م ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد تا ئێستا سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا بێده‌نگه‌ و هیچ هه‌ڵوێستێكی باشیان پیشان نه‌داوه‌. وتیشی به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیا و بێده‌نگیی جیهان، ٣٠ هه‌زار كه‌س له‌و په‌نابه‌رانه‌ی ڕوویان له‌ عه‌فرین كردبوو، عه‌فرینیان جێهێشتوووه‌.

ساڵح موسلیم ده‌ستنیشانی كرد، چه‌ك و تانكی ئه‌ڵمانیا و ناتۆ بۆ كوشتنی خه‌ڵی سیڤیلی عه‌فرین به‌كارده‌هێنرێت.

موسلیم له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئێمه پێداگری له‌سه‌ر‌ فیدڕالیزم ده‌كه‌ین. له‌ جیهاندا زۆر نموونه‌ی ئه‌وه‌ هه‌ن، به‌ڵام توركیا ئه‌مه‌ی ناوێت.

له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین، هه‌موو كه‌س بێده‌نگه‌. بێده‌نگ‌بوون به‌ واتای پشتگیری كردنی هێرشه‌كانه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ چوارچێوه‌ی به‌هاكانی خۆیدا له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ هه‌ڵوێستی خۆی دیاری بكات. توركیا بۆ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا پاره‌ وه‌رده‌گرێت و به‌م پاره‌یه‌ چه‌ك ده‌كڕێت و ڕووی ئه‌و چه‌كانه‌ش ده‌كاته‌ ئێمه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ ئه‌ورووپا خاوه‌نداری له‌ به‌هاكانی خۆی بكات.

ساڵح موسلیم، وته‌بێژی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤده‌م له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ مێدیاكانی ئه‌ڵمانیا و جیهان ڕایگه‌یاند: له‌ عه‌فرین هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان ئێمه‌ و حكوومه‌تی سووریا نه‌كراوه‌. پێویسته‌ سووریا سنووره‌كانی خۆی بپارێزێت، به‌ڵام تا ئێستا سووریا هه‌نگاوێكی وه‌های نه‌ناوه‌. ئه‌گه‌ر په‌یمانێك بێته‌ ئاراوه‌، ئه‌وا سه‌ربازانی سووریا سنووره‌كان ده‌پارێزن.

ئێمه‌ بانگی حكوومه‌تی سووریامان كرد و وتمان: وه‌رن سنووره‌كانی خۆتان بپارێزن، به‌ڵام ڕژێم وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. ئێمه‌ داوا له‌ ڕژێمی سووریا ده‌كه‌ین سنووره‌كان بپارێزێت، به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌نێوانماندا نه‌كراوه‌. من دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌ له‌ عه‌فرین له‌نێوان ئێمه‌ و ڕژێمدا هیچ ڕێككه‌وتنێك نییه‌.

موسلیم ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێستی ڕووسیا كرد ده‌رباره‌ی عه‌فرین و وتی: ڕووسیا له‌ سه‌ره‌تادا به‌ ئێمه‌ی گوت: یان توركیا دێت، یان ده‌بێ قبووڵی بكه‌ن هێزه‌كانی ڕژێم بێنه‌ هه‌رێمه‌كه‌.

ساڵح موسلیم ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ نامانه‌وێ پێگه‌ی كۆنی ڕژێمی به‌عس بێته‌وه‌‌ نێو عه‌فرین، ئه‌گه‌ر شتێكی وه‌ها ڕووبدات له‌ به‌رانبه‌ریدا به‌رخۆدان ده‌كه‌ین.

ده‌رباره‌ی قه‌ده‌غه‌كارییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر ئاڵا و سمبوله‌كانی ڕۆژئاوا، موسلیم داوای له‌ ئه‌ڵمانیا كرد به‌ بڕیاره‌كانیدا بچێته‌وه‌ و كۆتایی به‌و قه‌ده‌غه‌كارییه‌ بێنێت.

News Code 11741

Your Comment

You are replying to: .
captcha