دڵزار عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا له خۆپیشاندانه‌كه‌دا بهیاننامهیێكی خوێنده‌وه و ڕای­گه‌یاند: "له دوای گه‌مارۆكانی حكوومه‌تی عێراقه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێم، به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رمانه‌وه به‌شێک له نه‌خۆشه‌كان گیانیان له ده‌ست داوه، ئه‌وانی دیكه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رمان و پێداویستییه‌كانه‌وه له دۆخێكی خراپدان".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوووه: "بانگه‌واز له ڕای گشتی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوووه‌كان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئازار و خه‌مه‌كانمان بن چوونكه خێزانه‌كانمان كه‌م ده‌رامه‌تن و حكوومه‌تی هه‌رێمیش به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و گه‌مارۆكانی سه‌ری ناتوانێت پێداویستییه‌كانمان دابین بكات".
سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیا وتیشی: "داوا ده‌كه‌ین فشار له حكوومه‌تی عێراق بكرێت ده‌ستبه‌جێ پێداویستیی ته‌ندروستیی ده‌رمانی پێویست ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات، هه‌روه‌ها فشار بخرێته سه‌ر حكوومه‌تی عێراق بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی ئاسمانی چوونكه به‌شێک له نه‌خۆشه‌كانمان پێویستیان به چاره‌سه‌ر له ده‌ره‌وه‌یه".
هاوكات داواش له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوووه‌كان ده‌كه‌ن فشار له سه‌ر حكوومه‌تی ناوه‌ند دروست بكات به‌وه‌ی بابه‌ت ته‌ندروستی و مرۆییه‌كان تێكه‌ڵ به سیاسه‌ت نه‌كرێت.
هاوكات دلێر ره‌فیق، یه‌كێک له كه‌مئه‌ندامانی به‌شداربووی خۆپیشاندانه‌كه به خه‌ندانی راگه‌یاند: "داوای سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ین یه‌كسانی له سه‌رجه‌م عێراق پیاده بكات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "له ماوه‌ی ڕابردووش‌دا ژماره‌یێک كه‌مئه‌ندام و هه‌ڵگری نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كان به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رمانه‌وه گیانیان له ده‌ست داوه".
به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و پێنه‌دانی مووچه‌كانیان و كه‌می ده‌رمانه‌وه ژیانی خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا له مه‌ترسیدایه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش مووچه‌كانیانی به ڕێژه‌یێكی به‌رچاو كه‌م کردوووه‌ته‌وه، هاوكات له كاتی خۆشی‌دا پێیان نادات.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment