بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەنجا و چارەمین کۆبوونەوەی ئەمنییەتی میونشن بە بەشداری بەرپرسانی چەندین وڵات ڕۆژی 27ی ڕێبەندان لە وڵاتی ئاڵمانیا دەستی پێکرد و نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی لەو کۆبوونەوەیەدا باشدارییان کرد.
بارزانی لەگەڵ ژمارەیێک لە سەرکردەکانی جیهان کۆبووەتەوە بۆ گوشارخستنە سەر حکوومەتی عێراق تاوەکوو دانووستاندن بکات و قەیرانەکە لەسەر بنچینەی دەستووری عێراق چارەسەر بکات.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنیش بەشدارە بۆ کارئاسانی کردن و هاوکاری کردن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ بەهێز کردنی ئاسایشی جیهان.
سەرەڕای ئەم کۆبوونەوانە، هێشتا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق پەیوەندییەکانیان تەواو ئاسایی نەکردوونەتەوە و فڕۆکەخانەکانی کوردستانی عێراق بە داخراوی ماونەتەوە، ئەوە سەرەڕای بەڵێنەکانی بەغدا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە.
نێچیرڤان بارزانی خۆی رەخنەی لە ئامادەنەبوونی عێراق بۆ لانەبردنی قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکان گرتووە و گوتوویەتی: جێی داخە کە حکوومەتێک دەیەوێت بەم جۆرە سزای هاووڵاتییەکانی بدات. ئەگەر ئەوان دەربارەی چەسپاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی قسە دەکەن، ئەوا ئێمە گوتوومانە بۆ ئەوە ئامادەین. ئێمە ئامادەین پێشوازییان لێ بکەین، قسە بکەین و ئەوە قبوڵ دەکەین.
پشکی کوردستانی عێراق لە بودجەی فیدراڵی 2018ی عێراق بوارێکی دیکەی ناکۆکی لەسەرە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت پشکی 17%ی بودجە وەربگرێت، ئەوە لە کاتێكدایە بەغدا رایگەیاندووە ئامادەن تەنیا بڕی 12.6% بدەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات لە ساڵی 2014ەوە هیچ بڕە پارەیێکی لە بەغدا وەرنەگرتووە و پشتیشی بە ناردنی نەوت بەستووە بۆ دابین کردنی بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. بەڵام داهاتی نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەم بووەوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو کەرکووکی لە دەست دا و ئەوەش کوردستانی عێراقی خستووەتە ژێر گوشارێکی ئابوورییەوە، هەر بۆیە دانووستاندنی بودجە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجێکی سەرەکییە.
سەچاوە: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment