بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 12-2-2018، جان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
بڕیار وایە جان ئیڤ لودریان سەردانی کونسوڵخانەی فەرەنسا بکات و لەوێ لەگەڵ کونسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆببێتەوە.
دواتر کۆبوونەوەی نێوان حکوومەت و شاندی فەرەنسا ئەنجام دەدرێت و پاشان کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانی دەبەسترێت و تێیدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
لودریان لە بەغدا رایگەیاندووە، کە ئەو بۆ ئەوە هاتووە تاوەکوو گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات لەبارەی دوای شەڕی داعش و ئاوەدان کردنەوەی عێراق.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 12-2-2018، گەیشتە بەغدا، لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند: وڵاتەکەی وەکوو چۆن لە شەڕی دژی داعش پاڵپشتی عێراق بوو، لە ئاوەدان کردنەوە و سەقامگیری ناوچەکانیش لە تەک عێراق دەبێت.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment