به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌ممه‌د گه‌ردی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی کرێی نوێکردنه‌وه‌ی ساڵانه‌یان نه‌داوه فه‌رمانی وه‌ستاندنی په‌خشی 44 که‌ناڵی لۆکا‌ڵی هه‌رێمی کوردستان ده‌رچوووه. بڕیاره‌که ئاراسته‌ی کۆمپانیاکانی (ئای ستار و میکس میدیا) کراوه که سیسته‌می په‌خشی چهپکیان هه‌یه و ته‌له‌ڤزیۆنه لۆکالییه‌کان له ڕرێگه‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌توانن له شاره‌کان په‌خش بکه‌ن."
محه‌ممه‌د گه‌ردی باسی کرد به گشتی 75 ته‌له‌ڤزیۆن نزیکه‌ی 3 ملیار دینار قه‌رزارن و ماوه‌ی 3 بۆ 10 ساڵه پاره‌ی نوێکردنه‌وه‌ی ساڵانه‌یان نه‌داوه بۆیه دوای چه‌ند جارێک درێژ کردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت ناچار وه‌کوو هه‌نگاوی یه‌که‌م په‌خشی 44 ته‌له‌ڤزیۆنیان ڕاده‌گیرێت.
هاوکات ھه‌ندرێن ئه‌حمه‌د سکرتێری سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستان به تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی ھه‌یه په‌یوه‌ندی به ڕێنمایی ڕێکخستنی فریکوێنس و بابه‌تی نوێکردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی ساڵانه‌وه هه‌یه. وه‌کوو سه‌ندیکا له‌گه‌ڵ ڕێکخستنی بارهکهداین به جۆرێک یاسایێک بۆ ئه‌م بواره ده‌ربچێت و له‌گه‌ڵ ھه‌لومه‌رجی ئێستادا بگونجێت."
ھه‌ندرێن ئه‌حمه‌د گوتیشی: "ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ نوێکردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی که‌ناڵه‌کان دیاری کراوه بڕێکی زۆره و له‌گه‌ڵ دۆخی داراییی ئێستادا یه‌ک ناگرێته‌وه. ھه‌ندێ له که‌ناڵه‌کان چه‌ندین ساڵه په‌خش ده‌که‌ن و ناکرێت به ڕێنماییێک کاره‌کانیان نادیده بگیرێت".
سکرتێری سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستان باسی له‌وه‌ش کرد که ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌م دۆخه ئابوورییه‌دا ژماره‌یێکی زۆر له ڕۆژنامه‌نووسان بێکار ده‌کات ئه‌وه‌ش کارێکی گونجاو نییه.
له هه‌رێمی کوردستان به گشتی 93 ته‌له‌ڤزیۆنی لۆکا‌ڵی و 37 که‌ناڵی ئاسمانی هه‌ن له نێویاندا 75 ته‌له‌ڤزیۆنی لۆکا‌ڵی پاره‌ی نوێکردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی ساڵانه قه‌رزداری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی هه‌رێمی کوردستانن و پاره‌ی نوێکردنه‌وه و په‌خشیان نه‌داوه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment