بهپێی ههواڵی کوردپرێس، بڕیارە حەفتەی داھاتوو ڕۆژی ١٢ تا ١٤ی ئەم مانگە کۆنفرانسی ئاوەدان کردنەوەی عێراق لە دوای پاک کردنەوەی لە شەڕی داعش لە کوێت بەرێوە بچێت بە بەشداریی ٧٠ وڵاتی جیھان و لەو کۆنفرانسەدا کۆمەک و ھاوکاری بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی زیانیان بە ھۆی شەڕی داعش پێ گەیشتوووە، ئاوەدان بکرێنەوە.
لەم بارەیەوە، ھەمزە حامید بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داوەتنامەیێکی فەرمی لە لایەن وڵاتی کوێت بۆ ھەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ ئەوەی ھەر سێ پارێزگاری ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و وەزیری پلاندانان و وەزیری ئاوەدان کردنەوە و نیشتەجێ کردنی حکوومەتی ھەرێم و ھەندێک شارەزا لە وەزارەتی پلاندانان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاوەدان کردنەوەی عێراق لە کوێت بکەن کە بڕیارە حەفتەی داھاتوو بەڕێوە بچێت."
ھەمزە حامید گوتی: "سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات شاندەکەی ھەرێم بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن، یان نا، بەڵام داوەتنامەکە بە فەرمی بە ئێمە گەیشتوووە."
حامید ڕوونیشی کردەوە: "ھۆکاری بانگھێشت کردنی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆنفرانسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕۆڵێکی سەرەکیان لە لەناو بردنی داعش ھەبوووە و زیانیش بە زۆر ناوچەی ھەرێمی کوردستان گەیشتوووە و پێویستی بە ئاوەدان کردنەوە ھەیە، بۆیە ھەرێمیش وەکوو عێراق بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگھێشت کراوە."
نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێریش ئەو ھەواڵەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتراست کردەوە و گوتی: "ڕاستە ھەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگھێشت کراوە بۆ ئەو کۆنفرانسە و شاندێکی حکوومەتی ھەرێم بە بەشداریی پارێزگاکان و وەزیری پلاندانانیش سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەین و پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە حەفتەی داھاتوو سەردانی کوێت دەکەین."
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment