به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جوان مسته‌فا وته‌بێژی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا به ئاماده بوونی هاوسه‌رۆکان و ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه له به‌رانبه‌ر باره‌گای ناوه‌ندیی حیزبه‌که به‌یاننامه‌یێکی خوێنده‌وه و تێیدا وێڕای ئیدانه کردنی هێرشه‌که‌ی سوپای تورکیا بۆ کانتۆنی عه‌فرین ڕایگه‌یاند: نزیکه دوو حه‌فته‌یه عه‌فرین به‌رخۆدان ده‌کات. هێزی سه‌ربازی و گه‌لی عه‌فرین به ته‌نها له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشه‌دا به‌رخۆدان ده‌که‌ن. ده‌وڵه‌تی تورکیا به سوپایێکی 25 هه‌زار که‌سییه‌وه که له تیرۆریستانی نوسره و ئه‌لقاعیده و داعش پێک هاتوووه هه‌ڵیکوتاوه‌ته سه‌ر هاووڵاتییانی سڤیل و له‌و هێرشانه‌دا چه‌کی پێشکه‌وتووی سه‌ربازی به کار ده‌هێنێت.
ناوبراو له درێژه‌ی به‌یاننامه‌که‌دا ئاشکرای کرد: ده‌وڵه‌تی تورکیا له عه‌فرین مزگه‌وت و کلێسه و سه‌نته‌ری ته‌ندروستی و قوتابخانه و ژێرخانه‌کانی عه‌فرین ده‌کاته ئامانج. سوپای تورکیا به‌نیازه له ڕێگه‌ی تۆقاندنی هاووڵاتییانی سڤیله‌وه ئاسایشی ناوچه‌که له ناو به‌رێت. هه‌روه‌هاش ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌یهه‌وێت جارێکی‌تر داعش ببووژێنێته‌وه و له ڕێگای داعشه‌وه دیمۆگرافیا و پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌تی ناوچه‌که بگۆڕێت. ده‌وڵه‌تی تورکیا به هه‌مان بیرۆکه‌ی داعش ده‌جووڵێته‌وه. له هه‌مان میتۆد که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. فڕۆکه جه‌نگییه‌کانی سوپای تورکیا شوێنه‌واره مێژوویییه‌کان وه‌کوو قه‌ڵای حۆری و قه‌ڵای سمان ده‌که‌نه ئامانج.
له کۆتاییی به‌یاننامه‌که‌دا نووسراوه: ئێمه به توندی سه‌رکۆنه‌ی بێده‌نگ بوونی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له به‌رانبه‌ر ئه‌م ئاکاره‌ی تورکیا ده‌که‌ین و ده‌ڵێین به‌رده‌وام بوونی ئه‌م بێده‌نگییه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له به‌رانبه‌ر هێرشه‌که‌ی تورکیا بۆ عه‌فرین مانای ئه‌وه ده‌بێت که ئه‌وانیش له‌م کۆمه‌ڵکوژییه‌دا شه‌ریکن.
سه‌رچاوه: هاوار نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment