لەسەدا 58ی ڕاپرسییێک لەگەڵ چەسپاندنی سیسته‌می لامەركەزیدان لە هەرێم

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بەپێی ڕاپرسییێک كە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان ئەنجام دراوە لەسەدا 58ی هاووڵاتییان لەگەڵ چەسپاندنی سیسته‌می لامەركەزیدان لە هەرێمی كوردستاندان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، لە ڕاپرسییێكدا كە لە ڕێگەی تیمی گەڕۆكەوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان ئەنجامیدا %58 بەشداربووان پێیان باشە "سیسته‌می لامەركەزی لە هەرێم پەیڕەو بكرێت".

گمۆ محەمەد، یەكێک لە سەرپەرشتیارانی ڕاپرسییەكە لە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن بە خەندان-ی راگەیاند: "بە گرنگمان زانیوە ڕای هاووڵاتییان لە پرسی سیسته‌می لامەركەزی لە سەر خواستی هاووڵاتییان و ئاستی پیادەكردنی لە هەرێمی كوردستان بزانین، هەر بۆیە ڕاپرسییێكمان لە ڕێگەی تیمی گەڕۆكەوە لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕانیە و كەلار ئەنجام داوە".

ئاماژەی بەوەش كرد: "لە ڕاپرسییەكەدا 10 پرسیار لە هاووڵاتییانی بەشدار كراوە و بۆ ڕاپرسییەكەش هەزار و 500 فۆڕم دابەش كراوە، سەرەكی‌ترین پرسیارەكان خۆی لە ڕای هاووڵاتییان بینیوەتەوە، ئایا هاووڵاتییان خۆبەڕێوەبەری یاخود پایتەخت و ناوەند بەپێویست دەزانن بۆ ئیدارەدانی یەكە كارگێڕی و ئیداری و داراییەكان كە سەرجەم كارەكان لە ڕێگەی 4 تیمەوە ئەنجام دراون".

گمۆ محەمەد باسی لەوەش كرد: "بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەكە لە %58 هاووڵاتییان لەگەڵ سیسته‌می لامەركەزیدان بۆ هەرێم و لە %30.6 هاوڵاتیان-یش بۆ بە هەرێم بوونی پارێزگاكە-یان دەنگیان داوە".

هەروەها لە 9.7%ی هاووڵاتییان داوایان كردوووە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم وەک ئێستا بمێنێتەوە، 26 هاووڵاتیش بەبێ وەڵام فۆڕمەكانیان گەڕاندۆتەوە.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11188

Your Comment

You are replying to: .
captcha