به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سوپای دیموکراتیکی سووریا ته‌قینی به‌نداوی مه‌یدانه‌کی عه‌فرین به‌هۆی تۆپبارانی فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی تورکیاوه به مه‌ترسییێکی جیدی ده‌زانێت و له‌و باره‌یه‌وه هۆشدار ده‌دات.
سه‌نته‌ری ڕاگه‌یاندنی سوپای دیموکراتیکی سووریا گوتوویه‌تی: فڕۆکه جه‌نگییه‌کانی تورکیا به‌نداوی مهیدانهکیان تۆپباران کردوووه و گیانی هاووڵاتییانی سڤیل له مه‌ترسیدایه.
پێشتریش هێدیه یۆسف هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی دیموکراتیی سووریا هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه هۆشداری دابوو و وتبووی: به‌نداوی مه‌یدانه‌ک له ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونه‌وه نزیکه و به‌و هۆیه‌شه‌وه گیانی ده‌یان هه‌زار که‌س به‌هۆی ته‌قینی ئه‌و به‌نداوه‌وه له مه‌ترسیدایه.
سوپای تورکیا و گرووپه چه‌کداره سوورییه‌کانی پاڵپشتیکراوی ئه‌و سوپایه له ڕۆژی 20ی جانیڤێرییهوه هێرشیان کردۆته سه‌ر کانتۆنی عه‌فرین و تا ئێستا زیاتر له 50 هاووڵاتیی سڤیل له‌و هێرشانه‌دا گیانی خۆیان له‌ده‌ست داوه و نزیکه‌ی 200 که‌سیش بریندار هه‌ن.
سه‌رچاوه: سپۆتنیک
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment