به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه 24ی جانیڤێریی 2018 نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م كۆ بووه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شای ئوردون خۆشحاڵیی خۆی به دیداری له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی و په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و عه‌ممانی ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا و هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمیشی له حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یێكی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران به‌رز نرخاند.
ناوبراو پشتیوانیی خۆی و شانشینی ئوردونی بۆ دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق نیشان دا و به پێویستی زانی ئه‌مه بكرێته هه‌نگاوی كرده‌یی، سه‌رۆک‌وه‌زیرانیشی دڵنیا كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان دۆستی زۆری هه‌یه و به پێویستی زانی هه‌رێمی كوردستان له هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بێت به مه‌به‌ستی ڕوون كردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆک‌وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به دیداره‌که سوپاسی شای ئوردنی كرد بۆ پشتیوانی به‌رده‌وامیی شانشینی ئوردونی هاشمی بۆ هه‌رێمی كوردستان له قۆناغه جیاكاندا و هیوای به‌رده‌وامیی ئه‌و هاوكارییانه‌ی خواست، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و عه‌ممان و فراوان كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی دووپات كرده‌وه.
دواتر پوخته‌یێكی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی سیاسی و مرۆییی ناوچه‌كه و دوا دیداری له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک‌وه‌زیرانی عێراق و كۆبوونه‌وه‌ی تیمه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا پێشكه‌ش كرد و به سه‌ره‌تایێكی باشی بۆ ده‌ست‌پێكردنی دیالۆگی نێوان هه‌ر دوو لا زانی، هه‌روه‌ها پابه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانی به ده‌ستووری عێراقه‌وه نیشان دا و له‌مباره‌یه‌وه ڕۆڵی ئوردن و خۆی بۆ هاندانی هه‌ردوو لا له دیالۆگ و گفتوگۆ، به پێویست زانی.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا شاندی یاوه‌ری سه‌رۆک‌وه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران، فوئاد حسێن سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌کان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ئامانج ڕه‌حیم سکرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاماده بوون.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment