بهپێی ههواڵی کوردپرێس، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس کە لە وڵاتی سویسرا بەڕێوە دەچێت، ئەمشەو حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سەر ئەو خاڵانە کراوەتەوە کە لە کۆبوونەوەی پێشووی بارزانی و عەبادیدا باسیان لێوە کراوە کە بریتی بوون لە "پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق، جەخت کردنەوە لەوەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بەشێکن لە گەلی عێراقی."
ھەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی گەڕاندنەوە و چالاک کردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکانی فیدراڵی کراوەتەوە لە ھەرێم لە نێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان ھەروەھا بەردەوامیی کاری لیژنە تایبەتمەندەکان بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان "دوای تەواو کردنی ھەموو ڕێوشوێنەکان بە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی تەواوی فیدراڵی."
ئەم کۆبوونەوەیە، دووەم دیداری نێوان عەبادی و بارزانییە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان و گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
سهرچاوه: خهندان
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment