به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدولڕه‌زا مسری له‌وباره‌یه‌وه به هه‌واڵده‌ریی په‌ڕله‌مانیی ئێرانی وتوووه: به‌داخه‌وه ئابوور و بودجه‌ی ئێران ڕه‌وتێکی سیاسیی گرتۆته خۆی و هه‌ندێک فاکته‌ر وه‌کوو هه‌ڵبژاردن ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له فه‌تره‌یێکی زه‌مه‌نیدا بۆ نموونه نرخی سووته‌مه‌نی و وزه زیاد نه‌کرێت به‌ڵام پاش هه‌ڵبژاردن ئه‌و نرخانه قه‌ره‌بوو ده‌که‌نه‌وه. دیاره خه‌ڵکیش له‌و شته تێده‌گه‌ن و کاردانه‌وه‌یان ده‌بێت.
ناوبراو سه‌باره‌ت به بڕینی پاره‌ی یارانه‌ش درێژه‌ی پێدا: ئه‌گه‌ر ساڵانی ڕابردوو به دروستی پڕۆسه‌ی پێدانی یارانه و یاسای یارانه جێبه‌جێ کرابا و یارانه‌ی چینی ده‌وڵه‌مه‌ندی کۆمه‌ڵگا بڕابا ئێستا ئه‌و کێشه‌یه‌مان نه‌ده‌بوو.
مسری زیادی کرد: دیاره دوو شۆکی ئابووریی هاوکات به هاووڵاتییان ته‌حه‌مول ناکرێت و ده‌بێت توانا و ئاستی ئابووریی هاووڵاتییانیش له‌به‌رچاو بگیرێت.
ناوبراو به باشی نازانێت هاوکات یارانه‌ی 35 میلیۆن که‌س ببڕدرێت و نرخی سووته‌مه‌نی و که‌رتی وزه‌ش زیاد بکات هه‌ر بۆیه‌ش به پێویستی ده‌زانێت ئه‌و دوو شۆکه هاوکاته له خه‌ڵکی ئێران نه‌درێت.
نوێنه‌ری کرماشان جه‌ختیشی کرده‌وه: نابێت هه‌ر کاتێک تووشی کورتهێنانی دارایی بووین ده‌ست بۆ هاووڵاتییان درێژ بکه‌ینه‌وه چوونکه خه‌ڵکیش توانای ته‌حه‌مول کردنی فشاری ئابووریی زۆریان نییه هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێت چاره‌سه‌رێک بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان و به تایبه‌ت چینی گوندنشین ئه‌و گوشاره ئابوورییه‌یان نه‌خرێته سه‌ر.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment