هەیڤی مستەفا بەرپرسێکی جێبەجێکاری کانتۆنی عەفرین بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتوووە ئیدانەی دەستدرێژیی تورکیا بۆ سەر خاکی سووریا دەکەین.
ناوبراو گوتیشی: ماوەی یەک حەفتەیە سوپای تورکیا شار و گوندەکانی عفرین بۆردومان دەکات و لە ڕۆژی دوێنێشەوە بە تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی ماڵی هاووڵاتییان دەکوتێت و ئەوەش شەهید و برینداری زۆری لە هەووڵاتییانمان لێکەوتۆتەوە.
ئەو بەرپرسەی کانتۆنی عەفرین درێژەی پێدا: ئەو دەستدرێژی و تاوانەی تورکیا لە پێش چاو هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە بێدەنگیی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ ئەنجام دەبێت.
هەیڤی مستەفا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا کە ئایا چاودێرانی ڕووسیا کانتۆنی عەفرینیان چۆڵ کردوووە وتی: ئێمە هەر لە سەرەتاشەوە پشتمان بە ڕووسیا نەبەستبوو.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد: هێزی چاودێریی ڕووسیا لە دوو خاڵی کانتۆنی عەفریندا بوون بەڵام ڕۆژی ڕابردوو بە پلانێکی پێشتر داڕێژراو ناوچەکەیان بە جێ هێشت هەڵبەت ئەو هێزانە بە تەواوەتی لە کانتۆنی عەفرین نەچوونەتە دەرەوە بەڵام لەو ناوچانە نەماون کە ڕوودانی شەڕیان تێدا چاوەڕوان دەکرێت.
کۆدی ههواڵنێر: 60101
Your Comment