به‌غدا پێداگره‌ له‌سه‌ر کۆنتڕۆڵ کردنه‌وه‌ی شاده‌ماری ئابووریی هه‌رێمی کوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی نووسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ به‌ پێداگریی به‌غدا له‌سه‌ر کۆنتڕۆڵ کردنه‌وه‌ی شاده‌ماری ئابووریی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێت: به‌ڕێوه‌ بردن و چاودێری له‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵدایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عد حه‌دیسی به‌ هه‌واڵده‌ریی "بغداد الیوم"ی وتوووه‌: داهاتی گومرگ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان پرسێکی حاکمییه‌تییه‌ که‌ پێوه‌ندیی به‌ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌شێکی زۆر له‌و داهاته‌ له‌ ده‌ره‌تانی هه‌رێمی کوردستان و پارێزگا عێراقییه‌کانه‌ که‌ ده‌روازه‌ی سنوورییان هه‌یه‌ و به‌شێکی دیکه‌شی ده‌ڕژێته‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق.

ناوبراو زیادی کرد: به‌ڕێوه‌ بردن و چاودێری له‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان له‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌ و کاره‌ ته‌کنیکییه‌کانێ ئه‌و ده‌روازانه‌ له‌ ئه‌ستۆی هاووڵاتییانی کورد ده‌بێت.

شایانی باسه‌؛ داهاتی گومرگ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان یه‌کێک له‌ فاکته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی به‌هێزبوونی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌کێتییه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی 27 ساڵی ڕابردوودا له‌لایه‌ن ئه‌و حیزبانه‌ کۆنتڕۆڵ و به‌ڕێوه‌ ده‌برا و هیچ چاودێرییێک له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ئارادا نه‌بوو و ڕێژه‌ی داهات و چۆنیه‌تیی خه‌رج کردنیشی هه‌میشه‌ له‌ خاڵه‌کانی جێناکۆکیی نێوان عێراق و هه‌رێمی کوردستان بوو.

گرنگیی ئه‌و ده‌روازانه‌ ئه‌وه‌نده‌یه‌ که‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆییی نێوان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی 1994 تا 1998 زاڵ‌بوون له‌سه‌ر ئه‌و ده‌روازانه‌ و داهاته‌که‌ی بوو.

به‌غدا له‌ دانووستانی ئه‌م دواییه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر توانیی فڕۆکه‌خانه و ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌ و شاده‌ماری ئابووریی حاکمییه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌ستی به‌غدا ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10656

Your Comment

You are replying to: .
captcha