داوا ده‌کرێت په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵوێستی له‌ باره‌ی دۆخی عه‌فرینه‌وه‌ هه‌بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان داوا ده‌که‌ن په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵوێستی هه‌بێت له‌ باره‌ی دۆخی عه‌فرین له‌ ڕۆژئاوای کوردستان، په‌رله‌مانتارێکیش ده‌ڵێت "هه‌ڵوێستی په‌رله‌مان له‌ سه‌ر ئه‌و پرسه‌ کاریگه‌رییێکی ئه‌وتۆی نابێت."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شێرکۆ حه‌مه‌ئه‌مین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ فراکسیۆنی گۆڕان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند: "ده‌بێت ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان به‌ ناوی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌یاننامه‌ ده‌ر بکات و هه‌ڵوێستی په‌رله‌مان ڕابگه‌یێنێت له‌ سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌".

ناوبراو وتیشی: "ئێمه‌ وه‌ک فراکسیۆنی گۆڕان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌یاننامه‌مان بڵاو کرده‌وه‌ و داواشمان کرد په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵوێستی هه‌بێت، له‌ هه‌فته‌ی ئاینده‌شدا هه‌موو هه‌وڵێک به‌کار ده‌هێنین له‌ په‌رله‌ماندا به‌ شێوه‌ی یادداشت بێت یان واژۆ کۆ کردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی ترمان بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵوێستێکی هه‌بێت، وه‌ک چۆن له‌ ڕابردوودا له‌ سه‌ر کۆبانێ به‌یاننامه‌ی هه‌بوو."

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ باسی له‌وه‌ش کرد که‌ ئه‌وان وه‌ک په‌رله‌مانتار ئیدانه‌ی هێرش بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌که‌ن و داواش له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌که‌ن له‌ سه‌ر دۆخی ئه‌و شاره‌ی کوردستان بێته‌ وه‌ڵام.

هاوکات فه‌رحان جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ فراکسیۆنی پارتی به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: پێی وا نییه‌ هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ سه‌ر هێرشه‌کانی تورکیا بۆ عه‌فرین کاریگه‌رییێکی ئه‌وتۆی هه‌بێت، "ته‌نها وه‌ک ناڕه‌زاییه‌که‌ و هیچی تر."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد که‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان په‌رله‌مانی هه‌ڵوێستێکی له‌و باره‌وه‌ هه‌بێت و ئیدانه‌ی ئه‌و کاره‌ بکات.

هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر کانتۆنی عه‌فرین له‌ ڕۆژئاوای کوردستان گه‌یشتۆته‌ ئاستێکی به‌رز و سوپای ئه‌و وڵاته‌ هێزێکی زۆری له‌سه‌ر سنووری ئه‌و کانتۆنه‌ بڵاو کردوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مڕۆش به‌ چڕی بۆردومانی گونده‌کانی سه‌ر سنووری کردوووه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10644

Your Comment

You are replying to: .
captcha