بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەم 16ـی شوبات، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکیدا هاتووە، بەداخەوە شەوی ڕابردوو هێرش کرایە سەر هەولێری پایتەخت و ژمارەیێک قوربانیی لێ کەوتەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران ڕایدەگەیەنێت، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە، لە هیچ کەس و لایەنێک قبووڵ ناکرێت بیخاتە مەترسییەوە.
باسی لەوەش کردووە، ئەم هێرشەش زەنگێکی وریاکردنەوەیە بۆ هەموو لایەکمان، بۆ ئەوەی یەکڕیز و یەکدەنگ بین لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، هەروەها ئەم رووداوە و پێشینەکانی دەریانخست کە دەبێت حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم هاوئاهەنگی زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی بۆشایی تەناهی لە ناوچە جێناکۆکەکان و پڕکردنەوەی درز و کەلێنەکان.
تاڵەبانی دەڵێت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیش پێویستە ئەم مەترسییانە بە رژدی وەربگرن و یارمەتیدەرمان بن بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر و سزادانی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment