بهپێی ههواڵی کوردپرێس، رۆژی 15ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەرکووک – گەرمیان بڕیاری دا بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەكان بكات، داواشی لە ئەندام و لایەنگرانی كرد بایكۆتی پرۆسەكە بكەن.
حەكیم عوبێد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بەSNNی ڕاگەیاند: بایكۆت كردنی هەڵبژاردن لە كەرکووک خۆی لە خۆیدا جێگەی گومانە، چونكە ئێستا لە هەموو كات زیاتر كورد پێویستی بەوەیە پێگەی خۆی لەو شارە بەهێزتر بكات و دەنگی كورد زیاتر بێت، بەڵام پارتی بەو بڕیارەی، هەر لە ئێستاوە بڕیاری داوە دەنگی كورد لەم سنوورانە كەم بكاتەوە و عەرەب و توركمان دەنگیان زیاد بكات.
ناوبراو وتیشی: "شێوازی ڕاگەیاندن و قسەكانی پارتی لەگەڵ كردەوەكانی دوو شتی زۆر جیاوازە، كشانەوەیان لە هەڵبژاردنەكان هەڵەیێکی دیكەیە وەک هەڵەكانی دیكە و باجەكەی كورد دەیدات".
ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانیی گۆران دەڵێت: "ئێمە و خەڵكی دیكەش هاوارمان كرد با ڕیفراندۆم نەكرێت، چونكە زیانی هەیە بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی كەرکووک و ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵام گوێیان نەگرت و ئێستا بەهێزی سەربازی ململانێكیان یەكلایی كرایەوە و 51%ی خاكی كوردستان لە ژێر دەسەڵاتی كورد نەماوە و لە دەست دراوە".
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment