یەکدەنگیی لایەنەکان بەرامبەر بە ئاژاوەچییان سەرکەوتنێکی دیکەی خولقاند/ جەخت لەسەر تاوتوێی ناڕەزاییەکانی خەڵک و وەڵام دانەوە بە داواکارییەکان

بەشی ئێران- سەرۆک‌کۆمار لەسەر تاووتوێی وردی هۆکاری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ڕووداوەکانی ئەم دواییە و هەروەها هەڵمەتی بەرپرسان بۆ وەڵام دانەوەی داواکارییەکانی خەڵک جەختی کردەوە و وتی: یەکدەنگیی لایەنەکان و ئایین و ئەتنیکەکانی وڵات دژ بە ئاژاوەچییان سەرکەوتنێکی دیکەی بەرامبەر دوژمنانی نیزام خولقاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتور حەسەن ڕۆحانی سەرۆک‌کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئینقیلابی فەرهەنگی وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ١٩ی ئاماژەی کردە یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دواییی سەرۆکی کۆچکردووی ئەنجومەنی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، ئایەتوڵلا ڕەفسەنجانی و هەوڵ و هیمەتی ناوبراوی لە خەبات و خزمەت بە شۆڕش و خەڵکی بەسەر کردەوە و وتیشی: ڕۆڵی خوالێخۆشبوو ڕەفسەنجانی لە سەردەمی خەبات، پاوەجێ بوونی نیزام، ئیدارەدانی مەجلیس و فەرماندەیی شەڕ و سەرۆکایەتیی کۆمار و لە ۆتاییشدا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام ڕۆڵێکی دیار و حاشا هەڵنەگرە و ئاسەوارەکانی هێشتاکەش لەم نیزامەدا بەرچاو و دیارن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک‌کۆمار باسی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی وڵات کرد و وێڕای ئەوەی لەسەر پێویستی کۆڵینەوە لەم بابەتە و تاوتوێی هۆکاری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ڕووداوەکان و هەڵمەتی بەرپرسان بۆ وەڵام دانەوەی داواکارییەکانی خەڵک جەختی کردەوە دەریشی‌بڕی: ئامادەبوونی پڕتەوژم و بەئاوەزی خەڵک بەرامبەر هەندێک کە سووکایەتییان بە ئاڵا و هەموو پیرۆزییەکانی وڵاتیان کرد لە لایێک و یەکدەنگیی هەموو لایەن و ئایین و ئەتنیکەکانی وڵات دژ بە ئاژاوەچییان لەلایێکی دیکە بوونە هۆی ئەوەی سەرکەوتنێکی دیکە بەرامبەر بە دوژمنانی نیزام بخولقێت.

ڕۆحانی ڕەخنە و کۆبوونەوەی یاساییی بە باش و بەستێنێک بۆ گەشە و چاکسازی زانی و زیاتر وتیشی: هۆشیاریی خەڵک، خوێندکاران و هەموو چینەکانی کۆمەڵگا سەلماندی کە هەمووان سەرەڕای کێشە و گرفتی ئێستا بەرامبەر هەلقۆستنەوەی دژە ئینقیلاب و دوژمنان دەوەستنەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆتاییدا سپاسی هۆشیاریی هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگری، هێزی ئینتیزامی، سوپای پاسداران و بەسیجی کرد کە بۆ ئیدارە دانی ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیار درا ئەنجومەنی باڵای ئینقیلابی فەرهەنگی لە ڕوانگەی جۆربەجۆرەوە وەکوو کۆمەڵگاناسانە، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، سەرچاوە و هۆکاری ڕووداوەکانی ئەم دواییە تاوتوێ بکات و ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکانی لە کۆبوونەوەی دواییدا ئاراستە بکات.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 10311

Your Comment

You are replying to: .
captcha