پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 97 له‌ ڕه‌خساندنی هه‌لی کاردا ناکارامه‌یه‌

به‌شی ئێران- شادمێهر کازم‌زاده‌ ده‌ڵێت: ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ که‌رتی ڕه‌خساندنی هه‌لی کار له‌‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 97دا ته‌رخان کراوه‌ توانای دابین کردنی ده‌رفه‌تی کاری نییه‌.

نوێنه‌ری خه‌ڵکی ئیلام له‌ په‌رله‌مانی ئێران له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وتوووه‌: پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 97 به‌ ڕوانگه‌یێکی واقیعی که‌رتی ڕه‌خساندنی هه‌لی کاری له‌به‌رچاو نه‌گرتوووه‌. له‌ بڕگه‌ی 18ی پڕۆژه‌یاساکه‌دا دوو سه‌رچاوه‌ له‌به‌رچاو گیراوه‌؛ یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت نرخی سووته‌مه‌نیی زیاد کردوووه‌ و به‌نیازه‌ یارمه‌تیی ڕه‌خساندنی هه‌لی کار بدات. له‌ به‌شی دووهه‌میشدا به‌نیازه‌ پاره‌ له‌ سندۆقی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی هه‌ڵبگرێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزی بانکی بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لی کار بدات.

ناوبراو درێژه‌ی پێدا: ئه‌وه‌ سیاسه‌تێکی فه‌شه‌له‌ چوونکه‌ گران کردنی نرخی سووته‌مه‌نی و که‌رتی وزه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵاوسان و گرانی له‌ بازاڕه‌کاندا هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و داهاته‌ی له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بێت ناتوانێت به‌ڵێنده‌ری ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی کاری پایا بێت. دیاره‌ په‌رله‌مانیش دژ به‌و سیاسه‌ته‌ ده‌بێت.

ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ئاوه‌دانکاریی په‌رله‌مانی ئێران ئاشکراشی کرد: ده‌وڵه‌ت به‌نیازه‌ له‌ سندۆقی گه‌شه‌ی نیشتیمانی بودجه‌ هه‌ڵبگرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی کاری پێ بڕه‌خسێنێت و ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ فه‌لسه‌فه‌ی هه‌بوونی ئه‌و سندۆقه‌ ئه‌وه‌یه‌ دارایی و پاره‌ی پاشه‌که‌وتی تێدا ببێت بۆ کاتی قه‌یران بۆیه‌ش به‌تاڵ کردنی ئه‌و سندۆقه‌ بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی کار قبووڵ ناکرێت.

ناوبراو زیادی کرد: له‌ هه‌لومه‌رجێکدا که‌ ده‌وڵه‌ت هه‌وڵ ده‌دات به‌ پێدانی قه‌رز و بڵاو کردنه‌وه‌ی پاره‌ هه‌لی کار بڕه‌خسێنێت ده‌کرێت به‌ گه‌شه‌پێدانی که‌رتی پیشه‌ و جووتیاری و کانگاکان زه‌مینه‌ی ده‌رفه‌تی کار بڕه‌خسێت. دیاره‌ پێدانی قه‌رز به‌ هاووڵاتیان بۆ کارخولقێنی چیتر ماوه‌ی به‌ سه‌ر چوووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10235

Your Comment

You are replying to: .
captcha