بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی شوبات، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە لارس ڕۆناس باڵوێزی سوید لە عێراق کرد و سوپاسی وڵاتی سویدی کرد کە لە ڕۆژانی تەنگانە و ئەنفال و نەهامەتییەکاندا باوەشی بۆ هاووڵاتییانی کورد کردووەتەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ئاڵوگۆڕ کران، ڕۆشناییش خرایە سەر هەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر ئاسایشی دنیا، باڵوێزی سوید لە عێراق سوپاسی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی دنیا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
باس لەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی سوید، هەروەها ڕەوەندی کوردی لە سوید تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوو، بارزانی سوپاسی وڵاتی سویدی کرد کە لە ڕۆژانی تەنگانە و ئەنفال و نەهامەتییەکاندا باوەشی بۆ هاووڵاتییانی کورد کردەوە. هەردوولا هیوایان خواست بوونی ژمارەیێکی زۆری کورد لە سوید لەسەر بەرەوپێشڤەچوونی پێوەندییەکانی هەردوولا ڕەنگ بداتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment