٥ کانوونی دووەم ٢٠١٨ - ١٤:٣٠
کێ جێگای دەمیرتاش دەگرێتەوە؟

بەشی جیهان- ئەوەی دیارە هاوسەرۆکی پاش دەمیرتاش بۆ بەڕێوەبردنی هەدەپە دەبێ لە ڕەگەزی پیاو بێت و لەنێو کوردەکانی تورکیادا هەڵبژێردرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش نوێنەری کوردی تورکیا کە زیاتر لە ساڵێکە لە گرتووخانەدایە و تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە خراوەتە پاڵی، ڕای‌گەیاندووە لە کۆنگرەی بەردەمی پارتەکەیدا خۆی بۆ هاوسەرۆکایەتیی هەدەپە پاڵێوراو ناکات و لە پۆستەکەی وەکوو هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان دەکشێتەوە.

بێجگە لە دەمیرتاش کە وەکوو "ئۆبامای کورد" ناوی لێدەبەن، لە ئێستادا ١٠ نوێنەری دیکەی ئەو پارتە لەوان ڤیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکە ژنەکەی هەدەپەش لە زینداندان. دەمیرتاش نامەیێکی ئاراستە کردووە و تێیدا باس لەوە دەکات بۆ چالاک بوونەوەی حیزبەکەی و بە ئاوڕ دانەوە لە گوشار و سەختگیرییەکانی ئەنقەرە لەسەر ئەو پارتە و هۆگر و لایەنگرەکانی، پارتی دیموکراتیکی گەلان بتوانێت لە کۆنگرەی حیزبەکەدا کە بڕیارە ڕێکەوتی ٢٢ی فێبریڤێریی ٢٠١٨ بەڕێوەبچێت هاوسەرۆکێکی دیکە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.

ماڵپەڕی ئەلمانیتۆر لەمبارەوە دەنووسێت: چوونکە یەکێک لە هاوسەرۆکەکانی هەدەپە ژنە و تورکی وڵاتی تورکیایە، هاوسەرۆکەکەی دیکە، واتا ئەو کەسەی جێگای دەمیرتاش دەگرێتەوە دەبێ پیاو بێت و لەناو کوردەکانیشدا هەڵبژێردرێت.

ئەلمانیتۆر باس لەوەش دەکات عوسمان بایدەمیر شارەوانی پێشتری دیاربەکر و ئایهان بیلگەن لە پارێزگای قارسی تورکیا ڕەنگە پاڵێوراوی هاوسەرۆکایەتیی هەدەپە بن و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەحمەد یێڵدرم نوێنەری ئەو حیزبە لە پارلەمانی تورکیاش بتوانێت جێگای سەلاحەدین دەمیرتاش پڕ بکاتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 10124

Your Comment

You are replying to: .
captcha