کوردپرێس:
مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراوی کورد لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی "ڕۆژ نیوز" ڕایگەیاندوە، ئامانج لەهێرشەکەی سوپای تورکیا بۆسەر چیای گارە تەنها پەکەکە نییە، بەڵکو لەوەدا هەرێمی کوردستان زیاتر زەرەرمەندە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان بەیەکەوە دژی هێرشەکانی تورکیا بوەستنەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانییو زەمینیی کردەسەر چیای گارە لەناوچەی بادینان، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ش، سوپای تورکیا لەناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە جوڵەی بەهێزەکانی کردوە نەوەک لەباکوری کوردستان یان توركیاوه.
د.مەحموود عوسمان لەو چاوپێکەوتنەیدا هێرشەکەی سوپای تورکیای بەچاوەڕوانکراو وەسفکردوەو وتویەتی:"دەبێت هەموان داوا لەناوەندە نێودەوڵەتییەکانو ئەمریکا بکەن کە فشار لەتورکیا بکەن بۆئەوەی هێرشەکانی ڕابگرێت".
پێشی وایە، "ئامانجی هێرشەکە زیاتر باشوری کوردستانە، چونكه ئەم هێرشە بۆسەر هەرێمی کوردستانو عێراقە، سنورو سەروەریی ئەو وڵاتە دەبەزێنێت، بۆیە پێموایه بابەتەکە پەکەکە نییە، بابەتەکە زیاتر هەرێمی کوردستانەو ههرێمیش زیاتر زەرەرمەندی ئەو هێرشانەیە".
بەبۆچوونی د.مەحموود عوسمان، تورکیا هەرێمی کوردستان وەک بۆشایی ئەمنیی تەماشا دهكاتو دان بەهەرێمدا نانێت، "بۆیە بەماڵی خۆی دەزانێتو لەهەمولایەکەوە هێرشدەکاتەسەری".
داواش لەلایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات بەیەکگرتویی ڕوبەڕوی ئەو هێرشانە ببنەوە، دەشڵێت:"لایەنە سیاسییەکان دەبێت یەکگرتوبنو دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوەو داوای ئاشتی بکەن، لەهەمانکاتدا لەگەڵ پەکەکەش گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لەگەڵ پارتیدا هەیەتی بەئاشتی چارەسەربکرێت".
هەر لەو چوارچێوەیەدا بەپێی ئاژانسی "فورات نیوز"، گەریلاکانی هەپەگە/ یەژاستار لە هەرێمی گارە، گورزی کاریگەریان لەسەربازانی دەوڵەتی تورکداوە، بەڵام هێشتا ژمارەی کوژراوو بریندارانی سوپای تورکیا ئاشکرا نەکراوە.
Your Comment