به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ سه‌رکرده‌ی پارتی کۆماریخوازی گه‌ل (CHP) ڕایگه‌یاند: ئه‌و حزبه ده‌یه‌وێت له ساڵی 2018دا هه‌وڵه‌کانی بۆ گه‌یشتن به عه‌داله‌ت، دیموکراسی، سه‌روه‌ریی یاسا و ئازادیی ڕاده‌ربڕین زیاتر بکاته‌وه و هیوای که‌مپێنی "نا" له گشت‌پرسیی گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئه‌یپڕێڵی 2017 بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بگوازێته‌وه.
ناوبراو له په‌یامه‌که‌یدا جه‌ختی کرده‌وه: "ئه‌گه‌رچی له ساڵی 2017دا به‌ره‌وڕووی کێشه‌یێکی زۆر بووینه‌وه به‌ڵام ئه‌زموونمان له‌و کێشانه وه‌رگرت. ئێمه تێگه‌یشتوون که داواکارییه‌کانمان ڕه‌وایه و له به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ عه‌داله‌ت و دیموکراسی -له به‌رانبه‌ر حکوومه‌تێک که بنه‌مای سه‌روه‌ریی یاسای وه‌لاوه ناوه- ته‌نیا نیین."
سه‌رۆکی CHP به‌ڵێنیی دا سیسته‌می په‌رله‌مانی دووباره له تورکیا جێگیر بکرێته‌وه و وتیشی: "ده‌نگی "نا" که له گشت‌پرسیی 16ی ئه‌یپڕێڵی 2017 دژ به گۆڕانکاریی یاسای بنه‌ڕه‌تی و له دژی ڕژێمی یه‌ک که‌سی خرایه سندۆقه‌وه، پیشانی دا که ئێمه بنه‌ماڵه‌یێکی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌گدار به دیموکراسین."
به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌کان، له گشت‌پرسیی ئه‌یپڕێڵی 2017دا نزیک به 48.6ی ده‌نگده‌ران دژایه‌تیی خۆیانیان له‌گه‌ڵ گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی و سیسته‌می حکوومه‌تیی تورکیا له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی نیشان دا. له‌و گشتپرسییه‌دا پارتی داد و گه‌شه و پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورکیا (MHP) له که‌مپێنی "ئه‌رێ" و CHP و پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP) له که‌مپێنی "نا" بوون.
سه‌رچاوه: حوڕییه‌ت
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment