مه‌سروور بارزانى: پێویسته‌ به‌غدا واز له‌ زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و سزادانى به‌كۆمه‌ڵ بهێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕاوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ى سه‌رى ساڵى نوێى زایینى بڵاوی كرده‌وه‌، ڕای‌گه‌یاند: پێویسته‌ به‌غدا واز له‌ زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و سزادانى به‌كۆمه‌ڵ بهێنێت و سه‌باره‌ت به‌ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیش ڕوونی كرده‌وه هه‌ڵبژاردن باشترین بژارده‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی زایینییه‌وه‌‌ پڕ به‌ دڵ پیرۆزباییی خۆم له‌ گشت هاونیشتمانیانم له‌ هه‌رێمی كوردستان و گه‌لانی جیهان ده‌كه‌م. ئاواته‌خوازم له‌م ساڵه‌ نوێیه‌دا نه‌هامه‌تی و شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كان كۆتایییان بێت و ئاشتی و ئاسایشی هه‌میشه‌یی به‌رقه‌رار بێت.

هاتنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی زاینیی له‌ كاتێكدایه كه‌ هه‌رێمی كوردستان وێڕای قوربانیدان و سه‌ركه‌وتنه‌ مێژوویییه‌كانی به ‌سه‌ر تیرۆریستان و گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتییانه‌ی خۆی له ڕێگه‌ی پرۆسه‌یێكی دیموكراتییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی عه‌قڵییه‌تی خۆسه‌پێنی به‌غدا و گه‌له‌كۆمه‌كی و ددان نه‌نان به‌ مافه‌ سروشتییه‌كانی دووچاری واقیعێكی نه‌خوازراو بووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌و ‌هۆیه‌وه‌ هاووڵاتییانی له‌ دۆخێكی سه‌خت و ناهه‌موار ده‌ژین.

هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆڕاگریی كوردستان داوا له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م به‌ ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ ناوخۆیییه‌كان و پاراستن و پێشكه‌وتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجام‌دانی هه‌ڵبژاردنێكی گشتی وه‌ک باشترین بژارده‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئومێده‌وارین به‌غدا واز له‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ و سزادانی به‌كۆمه‌ڵ و نانه‌وه‌ی ئاشووب‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ بانگه‌وازه‌ ئاشتیخوازه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر كردنی گشت كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان بێنێت كه‌ هاوكات داخوازی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشه‌.
له‌م بۆنه‌یه‌دا جارێكی دی ده‌ستخۆشانه‌ و سوپاس‌گوزاریی گه‌رمی خۆم ئاراسته‌ی گشت خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و گیان له‌سه‌رده‌ستانی پێكهاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و خۆراگری و په‌رۆشی هاووڵاتییانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌رده‌وام هێزێكی له‌ بن نه‌هاتووی پاراستن و به‌دیهاتنی ده‌ستكه‌وته‌كانن. جارێكی دیكه‌ش ساڵی نوێ پیرۆزه‌ و ئاواتمان به‌خته‌وه‌ری و خۆشی و شادیی هه‌میشه‌ییی هه‌مووتانه‌ و ئومێده‌وارین جیهانی ئازاد ڕێز له‌ مه‌ینه‌تی و قوربانیدان و ویستی ئازادانه‌ و مافی چاره‌نووسی گه‌له‌ ئاشتی په‌روه‌ره‌كه‌مان بگرێت.

مه‌سروور بارزانی

ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان

31/12/2017

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9940

Your Comment

You are replying to: .
captcha