کوردپرێس- دەقی یادداشتەکە لێرە بخوێنەوە:
بەڕێز عەلی ڕەبیعی وەزیری کاری ئێران ڕۆژی 7ی بەفرانبار لە مەڕاسیمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی نەخۆشخانەی تەئمین ئیجتماعیی مەهاباد لێدوانێکی پێشکەش کرد کە هەندێک کەسی پێ کەیف خۆش بوو و هەندێکی دیکەی تووشی سەرسوڕمان کرد ئەوانەی عەلی ڕەبیعی وەکوو وەزیری کار و هەرەوەزی ئێران دەناسن بە قسەکانی کەیف خۆش بوون بەڵام ئەوانەی دەیانزانی ڕەبیعی هەمان "هەڤاڵ عەباد"ە سەریان سوڕ دەما. بەڕێزیان لە سەرەتای وتەکانیدا بە هەندێک ئاماری ناڕوون و جێی گومانەوە یادی چەند کەسایەتییێکی فەرهەنگی و سیاسیی شاری مەهابادیان کردەوە بەتایبەت مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، موحەمەدی قازی و تەنانەت قازی محەمەد. بەڕێزیان فەرموویان ئەو کاتەی من لەم ناوچەیەدا بووم بەنیاز بووم ژیانی قازی محەمەد بکەمە فلیمێکی داکیۆمێنتاری. لێرە ئەگەر واز لەوە بهێنین کە ئایا ئەم وتەیە ڕاستە یان خێر لانی کەم ڕاستییێکی مێژوویی هەیە کە دەبێت بیخەینە ڕوو. دیارە ئەوە گاڵتەیێک بوووە بەڕێزیان کردوویانە. چوونکە ئەو کاتەی جەنابی ڕەبیعی وەکوو "هەڤاڵ عەباد" لەو ناوچەیەدا دەسەڵاتداری پلە یەکی ئەمنی بوون تەنانەت هێنانی ناوی قازی محەمەدیش قاچاخ بوو. نەخوازەڵا بەرپرسێکی ئەمنی بێت و لەسەر ژیانی قازی فلیم دروست بکات!
جەنابی جەلایی پوور قایمقامی پێشووتری مەهاباد کتێبێکی 50 لاپەڕەییی بە هەموو تێبینی و کورتییەکانیەوە لە سەر قازی نووسیوە و ئەوەش تاکە بەرهەمی فەرهەنگی ئەمنیی هەڤاڵ عەباد و هاوبیرەکانیەتی لە بارەی قازی محەمەدەوە. ئێستا بفەرموون بە کامە ڕوانگە و پێشینەی فیکری و کەشی سیاسییەوە بە نیاز بوون لە سەر ژیانی قازی محەمەد فیلم دەربهێنن؟ لەم هەل و مەرجەی ئێستادا لێدوانەکانتان بۆ موزایدەی سیاسی و بەهۆی لە خۆ دەرچوونتان پاش هاوماڵی کردنی ڕاوێژکارە نوێکانتان بوووە و دیارە ئەو لێدوانە دەرەچەیێکی باش نییە بۆ ئەوەی دۆسیەی ڕابردووتان پاساو بدات.
بۆ ئاگاداریی بەڕێزتان ئەبێ چەند خاڵ بڵێمەوە: یەکەم ئەوەی بەڕێزتان وەزیرێکی جێبەجێکارن و ئەوەی لە بەڕێزتان چاوەڕوان دەکرێت بیڵێن تەوەری گەشەپێدان و بژێوی ژیانی هاووڵاتییانە نەخوازەڵا لەم دۆخە چەقبەستوووەی ئێستادا کە گەورەترین دامەزراوی ئابووریی وڵات بەدەست وەزارەتخانەکەی بەڕێزتانەوەیە و لەم هەل و مەرجەدا دەتوانن وەڵامی زۆرینەی ناڕازییان بدەنەوە. هەر بۆیەش چاوەڕوان ناکرێت وەزیرێکی وەکوو بەڕێزتان لەم دەوڵەتەدا هەڵوێستی سیاسی بنوێنێت مەگەر ئەوەی خۆتان بە بەڕێوەبەری ژووری سیاسیی دەوڵەت بزانن (کە هەیشیت)... ئینجا ئەوە حیسابەکەی جیاوازە.
دووهەم ئەوەی هەلقۆستنەوە لە کەسایەتییە سیاسییەکان بە مەبەستی پێشخستنی ئامانجی سیاسی و دەربازبوون لە ڕابردوو، سووکایەتی کردنە بە شعووری سیاسیی هاووڵاتییان و کولتووری مەهاباد. بەڕێزیان چەندین جار فەرموویان من بەم شارە و کولتووری ئەم شارە نامۆ نیم چوونکە لەم شارە ژیاوم. بەڵام نەیانفەرمەوو بە چ پۆست و پلەیێکەوە لەوێ ژیاون. بۆچی بێز ئەکەی بفەرمیت لە گەرمەی بشێوەکەی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەرپرسی پلە یەکی ئەمنیی ناوچەکە بووی؟
وتەدانی کەسایەتییە سیاسییەکان لە بۆنە و مەڕاسیمەکاندا بۆتە دیاردەیێکی ئاساییی کۆمەڵگا و بەتایبەت ئەوەی باو بوووە ئەوەیە ناوی پێشەنگان و کەسایەتییە بەرجەستەکانی ناوچەکە دەهێنرێت بۆ ئەوەی بەردەنگان و هاووڵاتییان لە خۆ نزیک بکەنەوە بەڵام دیارە ئەگەر کەسێک بیهەوێت ئەو قسانەی لێ وەربگیرێت پێویستە ڕەنگی خاوەن قسە و تەوەری قسەکە یەک بن. ئەوەی لە ڕابردوودا نیبەت بە تەوەرێک نامۆ بووبێت ئەستەمە لە کاتێکی تردا هەمان تەوەر بە شۆناسێکی دێکەوە لای ناسراو بێت. هەر بۆیەش دیارە ئەگەر تەنها لەبەر موزایدەی سیاسی شتێک بە زاردا بێت کە پێشتر نەوتراوە یان پێچەوانەی ئەوە وتراوە ئەوە هەڵخلەتاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکییە. بەو پێیەش ئەم ڕەخنەیەی ئێستا نووسراوە لەسەر ناوەرۆکی قسەکانی جەنابی وەزیر نییە چوونکە خاوەنی ئەم یادداشتە چەندین ساڵ پێشتر لەوەی جەنابی وەزیر ئەم قسانە بکات بابەتێکی لەم بارەیەوە نووسیوە کە لەگەڵ بەشێک لە لێدوانەکەی بەڕێز ڕەبیعی یەک دەگرێتەوە. ڕووی قسەی ئەم یادداشتە لەو بەشەی لێدوانەکەی بەڕێزیانە کە بە ئاوڕدانەوە لە میژوو و ڕابردووی بەڕێزیان ڕاست نایەتەوە. هەڵبەت دیارە باس کردن لە پرسی لەو شێوەیە بۆ شاردنەوەی لێنەهاتووییی دەوڵەت لە ناوچەکەدا لەلایەن تۆ و هاوبیرەکانتەوە بێ دەلیل نییە.
بەڕێز ڕەبیعی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا بە ئاشکرا وتی خزمەتگوزاری و پێڕاگەیشتنی ئێمە لە مەهاباد بەهۆی ئەو دەنگە فراوانە بوو کە کاتی هەڵبژاردن لە مەهاباد بە ڕۆحانی درا. ئەو لێدوانە سیاسییە ڕازی ئاوڕ نەدانەوەی دەوڵەت لە هەندێک ناوچەی ئێران دەکاتەوە (هیوادارم ئیدعاکەی جەنابی وەزیر ڕاست بێت). هەروەهاش جەنابی وەزیر باسی پێدانی پۆستی باڵای بە کوردەکان کرد. سەرەڕای ئەوەی داکۆکی لەسەر هەموو چەشنە ئاوڕدانەوەیێک لە نوخبە قەومییەکان ئەکەم -کە دەوڵەتی ڕیفۆرمخوازیش چەندین جار دانی بەو پرسەدا ناوە- بەڵام لە هەڵبژاردنی مودیر و مودیرعامە کوردەکانیشدا دووچاوەکی کراوە و تەنها کەسانێکی تایبەت تەڵ کراون چوونکە زۆر نوخبەی ڕیفۆرمخوازی کورد هەن کە ئێستا لە دەوڵەتی ئێوەدا تەنانەت بەڕێوەبەرایەتیی پلە خواریشیان پێنەدراوە. لە دەوڵەتەکەی ئێوەدا ڕیفۆرمخوازەکان و بەتایبەت ڕیفۆرمخوازە کوردەکان دابەش کران. ئەوەی زیاتر موخلیس بووبێت لە دەسەڵات نزیکترە. ئێستا گرینگ نییە پێشینەشی چی بێت. بەڵام هەموو ئەوانەی باجی زۆریان بۆ شۆڕش و تەنانەت ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی دابوو لە دەسەڵات تەریک کران.
جەنابی وەزیر دەستەواژەی عەدالەتی ناوچەیی بەکار دەهێنن. ئەوەش گاڵتەیێکی دیکەی بەڕێزیان بوو. جەنابی وەزیر ئەگەر بەشداریی ئەنجومەنی ئیداریی پارێزگاکەتان کردبێت دەبوو ئاوڕێکتان لە دەور و پشتی مێزەکە بدایەتەوە ئەو کات وەڵامی خۆتان وەردەگرت. پاش وەڵامەکەی ڕێبەری باڵای شۆڕش بۆ نامەکەی مەولەوی عەبدولحەمید لە سەرەتای ئەم دەوڵەتەوە – کە لە سەر ئیدعای خۆتان پشتتان بە دەنگی ئیتنیک و ئایینزاکان بەستوووە و هەموو لەمپەرێک بۆ بەشداریی فرەلایەنی لە بەڕێوەبەرایەتییەکاندا نەماوە- هاوبیرەکانتان لەم دەوڵەتەدا ئەوەیان پێ تەحەمول ناکرێت و نکۆڵیی لێدەکەن. بەداخەوە لەم خولەدا نوێنەرانی پەڕلەمانیش دەستەوەستانتر و داماوتر لەوەن کە بەرگری لە مافی ئەو خەڵکە بکەن. لەم کەشەدا دەبێت مەمنوونی کۆڵبەرەکان بن کە مردوو و زیندوووەکەیان جار و بار سووژەیێکی باشە بۆ ئەوەی دەرفەتی حەوانەوەی پەڕلەمانتارن پڕ بکاتەوە.
هەڵبەت ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە لێدوانەکەی جەنابی وەزیر بدەینەوە و ددان پێدانانی هەموو ئەوانەی هەڤاڵ عەباد دەناسن لە یەک بدەین دەبینرێت کە ناوبراو لە لێدوانەکەیدا ئەم چڵ و ئەو چڵی ئەکرد و وا دەردەکەوت جەنابی وەزیر حاڵی باش نەبێت و هەندێک ئاماری ناڕوونی چەندین جار دووپات دەکردەوە ئەوەش ئاڵۆزیی دەروونی و جەستەییی وەزیری پیشان دەدا. وا دەردەکەوێت هۆی ئەو ئاڵۆزییە جگە لە ئازاری دەروونیی وەزیر بگەڕێتەوە بۆ تۆزی پیری کە نیشتۆتە سەر و سیمای وەزیر و هەندێک شتی لە بیر بردۆتەوە. ئەوەش لە لێدوانە پەرتەوازەکەی بەڕێزیانەوە دەردەکەوێت.
وەرگێڕان بۆ سەر کوردی: مەنسوور ڕەحیمی
Your Comment